کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
  2026-11-25     

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورەتریشقە دەدات کە لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دەستپێدەکات و ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت؛ هاوکات ئاماژە بە مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان دەکات.

 

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی، لە ڕۆژی یەکشەممەوە (29-11-2026) لە ئەنجامی هاتنی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.

​لەبارەی چۆنیەتی گەشەسەندنی شەپۆلەکەوە، کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە کە سەرەتا کاریگەرییەکە بە نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاواز دەستپێدەکات، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەدا شەپۆلەکە دووبارە چالاک دەبێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژی سێشەممە (1-12-2026) چەقی بەهێزی شەپۆلەکە دەبێت و سەرجەم ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە.

​بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دابارینەکان لە شێوەی لێزمەباران و هەورەتریشقەدا دەبن و لە هەندێک کاتیشدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە. وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کاریگەریی شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە بۆ ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی، بەجۆرێک بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئێستا ناوچەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە لەژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانبارینەدا دەمێنێتەوە.

​هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکەدا، کەشناسی پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن و خێرایی با بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد بکات، سەرەڕای بارینی بەفر لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×