ئاژانسێکی فەرمی عێراق ئەو ماددانە بڵاودەکاتەوە کە دەستوورین و ئێستا وەکو یاسایەک کاریان پێدەکرێت لە عێراقدا، کە پەیوەندییان بە دەروازە سنوورییەکان، نەوت و ئاسایشەوە هەیە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) ماددەکانی دەستووری عێراق و ئەو یاسایانەی ئێستا کاریان پێدەکرێت، دووبارە بڵاودەکاتەوە کە پەیوەندییان بە دەروازە سنوورییەکان، نەوت و ئاسایشەوە هەیە.
● ماددەی 78: سەرۆکوەزیران بەرپرسی ڕاستەوخۆی جێبەجێکاری سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە.
● ماددەی 109: دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بەرپرسی پاراستنی یەکێتی، سەلامەتی، سەربەخۆیی و سەروەریی عێراقن.
● ماددەی 110، بڕگەی دووەم: حکومەتی فیدراڵی بەرپرسی دانان و جێبەجێکردنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکان و پاراستنی سنوورەکانی عێراقە.
● ماددەی 110، بڕگەی سێیەم: حکومەتی فیدراڵی بەرپرسی دانانی سیاسەتی دارایی و گومرگی و ڕێکخستنی بازرگانییە لەڕێگەی سنوورەکانی هەرێم و پارێزگاکانەوە.
● ماددەی 111: نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقن، لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا.
● ماددەی 112، بڕگەی یەکەم: حکومەتی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەر، نەوت و گازی دەرهێنراو لە کێڵگەکان بەڕێوە دەبات.
● ماددەی 114، بڕگەی یەکەم: بەڕێوەبردنی کاروباری گومرگ، لەڕێگەی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم، دەسەڵاتێکی هاوبەشە.
● ماددەی 121: ئەو دەسەڵاتانەی کە بەشێوەی تایبەت لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان، لە دەسەڵاتی هەرێم جیا دەکرێنەوە.
● یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە 30ی ساڵی 2016: دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردن، چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی ئەو فەرمانگە و دامەزراوانە دەداتە دەستەکە کەلە دەروازە سنوورییەکاندا کار دەکەن؛ ئەو دەستەیەش پەیوەستە بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.
● بڕیاری دادگای فیدراڵیی باڵا لە 15ی شوباتی 2022:
1. هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی تەواوی بەرهەمی نەوت بە حکومەتی فیدراڵی.
2. وەزارەتی نەوت دەبێت چاودێری گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و گاز بکات و ڕێگە بە پێداچوونەوە بە نادروستی و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان بدرێت.