وێڕای ئەوەی سەرۆکی یەکێتیی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەرووی هەرێم بونەتەوە داوا دەکات بگەڕێنەوە بۆ "دەستور"، هاوکات دەشڵێت "گفتوگۆی جددی و بونیادنەر تاکە رێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو لایەک".
ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نوسیویەتی "لەم قۆناغەدا دەبێت دانایی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوە بن"، وتوشیەتی "ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ رووبەڕوومان دەبنەوە، ناکرێت و نابێت چارەسەر بکرێن مەگەر بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق وەک چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان".
بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندووە "گفتوگۆی جددی و بونیادنەر تاکە رێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو هاوڵاتییان و پاراستنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا".
ناوبراو نوسیویشیەتی "لە هەمانکاتدا، سەقامگیریی راستەقینە پێویستی بە لێپرسینەوەیە. بڕوایەکی چەسپاومان هەیە کە دەبێت شەفافیەت بەردی بناغەی حوکمڕانی بێت. گەندەڵی متمانەی هاوڵاتییان تێکدەدات و دامەزراوەکانمان لاواز دەکات؛ بۆیە دەبێت بە تووندی رووبەڕووی ببینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت، لە هەر کوێیەک بێت و هەر کەسێک لێی بەرپرسیار بێت".
لە نوسراوەکە ئەوەش هاتووە "با هەمووان بزانن کە پابەندبوونمان بە ئاشتی و گفتوگۆوە لە هێز و بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دوودڵی. شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و مافەکانی گەلەکەمانەوە دەکەین کە دوای خەباتێکی سەخت بەدەستهاتوون، و جەخت لە پابەندبوونی تەواومان دەکەینەوە بە پاراستنی شکۆ، خاک و پێگە دەستوورییەکەمان هەر کاتێک پێویست بکات".
لە کۆتاییدا سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت "گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان شایستەی ئارامی، خۆشگوزەرانی و سەرکردایەتییەکی بەرپرسیارن. پابەندبوونی چەسپاومان بە دیپلۆماسیەتی ئاشتییانە، رێزگرتنی دوولایەنە و چارەسەرە دەستوورییەکان وەک تاکە رێگە بۆ بەرەوپێشچوون، دووپات دەکەینەوە".