سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق پێشوازی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی فایه‌ق زێدان ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم
  2026-11-25     

هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆبونه‌وه‌و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌شدارانی كۆبونه‌وه‌كه‌ پێشوازییان له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی فایه‌ق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كرد بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتو بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی دەستوریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.

ئاوێنه‌: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگه‌یاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، هه‌ر چوار سەرۆكایەتییه‌كه‌ی عێراق (سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری) كۆبونه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بەشداربوانی کۆبوونەوەکە پشتیوانیی خۆیان بۆ رێکارەکانی حکوومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و روبەڕوبوونەوەی کارەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی دووپات کردەوەو جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان لایەنە چاودێری و ئەمنی و دادوەرییەکان کردەوە بۆ راوەدونانی تێوەگلاوان و لێپرسینەوە لێیان بەپێی یاسا، بە مەبەستی پاراستنی سامانی گشتی و سامانی نەوتی.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاوكات بەشداربووان پێشوازیشیان لە دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە ژێر چاودێریی ئەودا لە (١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦)، بە ئامادەبوونی هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و میوانداریکردنی هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، یان هەر لایەنێکی یارمەتیدەر، بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی دەستوریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەپێی دەستور.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×