بەپێی داتاکانی ڕووسیا خۆی، نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لە شەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە.
ئاوێنە: بەپێی ئاماری حکومەتی ڕووسیا کە بی بی سی شیکاری بۆ کردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لەئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ لانیکەم ٤٩٠ هەزار و ٣٣٤ سەربازی ڕووسیا گیانیان لەدەستداوە.
داتا دزەپێکراوەکانی ئاژانسی ئاماری ڕۆستاتی ڕووسیا ئاشکرای دەکەن کە چۆن لەشکرکێشی تەواوەتی ئۆکرانیا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە ڕێژەی مردن لەڕووسیا کردووە.
داتاکان ئەو تێچووە زۆرە دەردەخەن کە لە شەڕێکدا دراوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆمار گریمانەی دەکرد تەنها چەند ڕۆژێک بخایەنێت، بەڵام نزیکەی پێنج ساڵە بەردەوامە.
بەپێی تۆمارەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٦٥%ی گەنجانی تەمەن ١٨-٢٤ ساڵ کە لە ڕووسیا گیانیان لەدەستداوە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بووە. بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٢٥-٣٤ ساڵدایە، ئەم ڕێژەیە ٥٩% بووە.
هەروەها داتاکان ڕادەی زیانەکان لە ناوچە تایبەتەکانی ئۆکرانیا ئاشکرا دەکەن. نزیکەی ٢٠ هەزار سەربازی ڕووسیا لە شەڕی کۆنترۆڵکردنی ١٠ گوندی ئۆکرانیادا کوژران کە ژمارەی دانیشتووانی پێش جەنگیان ١٢ هەزار کەس بوو.
لە شەڕی ئەندریڤکا کە گوندێکی بچووکە لە باشووری باخموت لە ناوچەی دۆنێتسک، هەزار و ١٢٢ ڕوسی گیانیان لەدەستدا. پێش جەنگ ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە ٧٤ کەس بوو.
بەپێی شیکارییەکانی بی بی سی. لانیکەم ٥٠١٧ هاوڵاتی بیانی لەنێو ئەو کەسانەدان کە لە شەڕکردن بۆ ڕووسیا گیانیان لەدەستداوە؛ 1031 کەسیان ئۆزبەکین و 720 کەسیش تاجیکی بوون. 2304 سەربازی کۆریای باکوور بوون.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن لە شەڕێکدا کە چوار ساڵ و دە مانگی خایاندووە، ئەم ژمارانە بۆ ڕووسیا تا ڕادەیەک زۆرن، بە بەراورد بە شەڕی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان کە لە ساڵی ١٩٨٩ کۆتایی هات.
لەم دواییانەدا قوربانییەکانی ئۆکرانیا لەلایەن سەرۆک ڤلادیمیر زێلێنسکی لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٦دا بە نزیکەی ٥٠ هەزار کەس خەمڵێندرا، بەڵام لیستێکی دیکە کە لەسەر بنەمای سەرچاوە کراوەکانی ماڵپەڕی UA Loses کە ناوی نەهێنراوە، ژمارەکە بە ١١٥ هەزار و ٩٥٢ کەس دەخاتە ڕوو.