لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوی کردەوە، شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی دیاری ئایینی و نیشتمانیی کورد، ئەو فشار و هەڕەشانەی ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان هەن بە «هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنەمای بوونی گەلی کورد» وەسف کرد و ڕایگەیاند، یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەهێزترین چەکە بۆ سەرکەوتن.
ئاوێنە: خەزنەوی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، گەلی کورد لە قۆناغێکی مێژوویی هەستیاردایە و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە، کە بە گوتەی ناوبراو ئامانج لێی شکاندنی ئیرادە و بێبەشکردنی هەرێمی کوردستانە لە مافە دەستووری و یاساییەکان و دەستکەوتەکانی. هاوکات جەختی کردەوە، ئەم ماف و دەستکەوتانە وەک دیاری نەبەخشراونەتە کەس، بەڵکوو بە خوێنی سەدان هەزار شەهید، فرمێسکی دایکانی جەرگسووتاو و ناڵەی کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە بەدەست هاتوون.
لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانەوە، ئەو کەسایەتییە ئایینییە ڕەتیکردەوە ئەوەی دەگوزەرێت تەنیا ناکۆکییەکی ئیداری یان تەکنیکی بێت وەک ئەوەی هەندێک لایەن دەیانەوێت نیشانی بدەن. ناوبراو گوتی: «ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕوودەدات، لە بڕیاری تاکلایەنە و زمانی هێز و لۆژیکی سەربازییەوە، تا دەگاتە هەوڵی خنکاندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و داماڵینی دەسەڵات لەسەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان، هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی ناوەندێتیی ستەمکار و زۆردار.»
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، شێخ مورشید خەزنەوی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان تەنیا پارچە زەوییەک نییە، بەڵکوو بە بنەمای شکۆمەندیی هەموو کوردێک لە جیهاندا و پایەی ستراتیژیی دۆزی ڕەوای کوردی لەقەڵەم دا. لەم چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: «دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان، دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو خێزانێکی کورد لە قامیشلۆ، مەهاباد، ئامەد، هەولێر و سلێمانی.»
پەیامەکەی خەزنەوی تەوەرێکی تایبەتیشی بۆ ڕووکردنە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان تەرخان کرد و هۆشداری لە لێکەوتەکانی ناکۆکیی ناوخۆیی دا و گوتی: «دابەشبوونتان ئێمە لاواز دەکات و پەرتەوازەبوونتان هێزی گەلەکەمان بچووک دەکاتەوە.»
لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەدا، شێخ مورشید خەزنەوی جەختی لەسەر یەکپارچەیی هەڵوێستی گەلی کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان کردەوە و بە بیرهێنانەوەی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران، ئەوەی خستە ڕوو کە سیاسەتی پەرتەوازەکردن، گەمارۆ و هەڕەشەی سەربازی نەیانتوانیوە سەر بە گەلی کورد دانەوێنن. ناوبراو پەیامەکەی بەو وتەیە کۆتایی پێ هێنا کە «پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بژاردە نییە، بەڵکوو ئەرکێکە لەسەر هەموو کوردێکی بەشەرەف و نیشتمانپەروەر.»