فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ڕایگەیاند، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە کاری قاچاخ، پرۆسەی داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی وڵات خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاوێنە: محەمەد سەعیدی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی تەواوی دەروازە نافەرمییەکان کردووە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی هێڵی سنوور و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی قاچاخ دەگیرێنەبەر.
بە وتەی سەعیدی، جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانە لە ڕێگەی هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ یەکە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستن و کۆنترۆڵکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی دەروازە نافەرمییەکان بۆ مەبەستی قاچاخ، بەتایبەتی قاچاخی نەوت و بەرهەمەکانی.
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دووپاتیشی کردەوە کە هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەردەوامییان دەبێت، تاوەکوو کۆنترۆڵی تەواوی سنوورەکانی عێراق مسۆگەر دەکرێت.