ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای 15 ساڵ زیندانیکردن بەسەر 11 کەسدا سەپێنراوە کە بە بەقاچاغبردنی نەوت بۆ وڵاتانی دراوسێ تۆمەتبار کرابوون.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەسەڵاتی دادوەری، سزادراوان سەر بە گرووپێکی چەکدارن کە لەلایەن تۆمەتبارێکی هەڵاتووەوە بە ناوی «ئەحمەد عەبدولواحید شایە» سەرۆکایەتی دەکرێت. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو گرووپە، بە هەماهەنگی لەگەڵ قاچاغچییەکانی وڵاتانی دراوسێ، ئۆپەراسیۆنی قاچاغبردنی نەوتیان لە پارێزگای بەسرەوە بۆ ئەو وڵاتانە ئەنجام داوە.
لەبارەی بنەمای یاسایی بڕیارەکەوە، دەسەڵاتی دادوەری ڕوونی کردووەتەوە کە سزاکان بەپێی ماددەی چوار هاوپێچ لەگەڵ ماددەی دووی یاسای دژەتیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرچوون، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەستبەسەرکردنی پێشووی سزادراوان لە چوارچێوەی ماوەی سزاکەدا. هاوکات، دادگا مافی ئەوەی بۆ لایەنە زیانلێکەوتووەکان تەرخان کردووە تاوەکوو پاش ئەوەی بڕیارەکە دەبێتە کۆتایی، لەبەردەم دادگا مەدەنییەکاندا داوای قەرەبوو بکەنەوە.
سەپاندنی ئەم سزایانە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکی لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سەکر، فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان ڕێوشوێنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق جێبەجێ کردووە.
بە گوتەی فەرماندەی هێزە سنوورییەکان، ئەو ڕێوشوێنانە بریتین لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک و چاودێری، پەرەپێدانی سەرچاوەکانی یەکەکان و ئامادەیی شەڕکردن، هەروەها زیادکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، کە ئەمانەش بوونەتە هۆی کەمکردنەوەیەکی بەرچاوی دزەکردن، قاچاغچێتی و پەڕینەوەی کرێکاران بەرەو عێراق.
لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سەکر سەبارەت بە دۆخی سنوور لەگەڵ سووریا ئەوەشی خستە ڕوو: «بەرپرسیارێتی 600 کیلۆمەتر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا دەکەوێتە ئەستۆی هێزە سنوورییەکانی عێراق، هەروەها هیچ هێزێک نییە هاوبەشی بەرپرسیارێتی بێت وەک ئەوەی لە وڵاتانی دیکەدا هەیە.»