ئا: ئاوێنە
ئۆجەلان سەبارەت بە دەستەی بەدواداچوون پەیامێک بۆ ئۆزگور ئۆزێل دەنێرێتو دەم پارتی دەڵێت "ئەگەر ئۆزگور ئۆزێل بە گونجاوی بزانێت پەیامەکەی ئۆجەلان بڵاودەکەینەوە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی یەکەمی ئاسایی پارتی نوێ، پیرۆزبایی لە ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی پارتەکە کرد.
ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتیەوە پەیامێکیشی لەبارەی هەڵوێستی پارتی نوێ سەبارەت بەدانەنانی ئەندام بۆ کۆمسیۆنی بەدواداچوون ناردووە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، ئۆجەلان لەڕەخنە و ناڕەزایەتییەکانی ئۆزێلی سەبارەت بەو فشارە سیاسی و دادوەرییانەی خراوەتە سەر پارتەکەی تێدەگات، بەڵام لەبارەی بڕیاری نەچوونە ناو کۆمسیۆنەکە، وتویەتی"بەشدارنەکردنیان دەستی ئەو کەسانە بەهێز دەکات کە دەیانەوێت بڕیاردەری یەکلاکەرەوە بن".
دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی، نومان کورتولموش، لە 18ی ئەم مانگە سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی بەدواداچوونو چاودێری، ئۆزگور ئۆزێل ڕایگەیاند کە بڕیاریان داوە ئەندام بۆ کۆمیسیۆنەکە دانەنێن، چونکە هیچ هەنگاوێک سەبارەت بەو بەشەی بە ناوی "دیموکراتیزەکردن" لەڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی هاودەنگی و برایەتی و دیموکراسی نیشتمانیدا نەنراوە .
راگەیەندرا کە بڕیارەکەی ئۆزێل لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ئەم مانگە لە نێوان شاندی ئیمراڵی پارتی دیموکراتی دیموکرات و ئۆجەلانیش تاوتوێ کراوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە دوای کۆبوونەوەکە بۆ ڕای گشتی بڵاویکردەوە، ڕاستەوخۆ باسی لە بڕیارەکەی پارتی نوێ نەکرد، بەڵکو سەرنجی بۆ پەیوەندی نێوان چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراسی ڕاکێشاو رایگەیاند "هەوڵێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی لەو شێوەیە لەبەرژەوەندی هەموو گروپێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیەدایە؛ دژی بەرژەوەندی بیرکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و چالاکیی کودەتاچییە".
ئۆجەلان ڕایگەیاند کە ئەو لە فشارە سیاسییە تێگەیشتووە کە پارتی نوێ ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا ئۆزێل هەندێک خاڵی ڕەوا لە ڕەخنەکانیدا هەبووە، دەشڵێت "دەتوانین پێکەوە گفتوگۆ و چارەسەری کەموکوڕی و کەموکورتییەکان بکەین. بەڵام نابێت پاشەکشە لە چارەسەر، لە ئاشتی، لە هەوڵی داماڵینی چەک و ڕاگرتنی کوشتنەکان بکەین. نابێت هیچ لایەنێک ئەوە بکات".
ئۆجەلان بە ئاماژە بەوەی کە "میکانیزمی کودەتا لە تورکیە هەمیشە بە هۆی کێشەی چارەسەرنەکراوی کوردەوە چالاک بووە"، سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا و نەجمەدین ئەرباکان و بولێنت ئەجەڤیت سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیای وەک نموونە هێنایەوە.
ئۆجەلان، بە ئاماژەدان بەوەی کە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، هەروەها دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی ئاشتیی پێشووش ڕوویدا، ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی پرۆسەکە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئیرادەی خۆیان بۆ چارەسەری بپارێزن.
ئۆجەلان پێی وایە دواکەوتنی پرۆسەکە بێمتمانەیی دروست دەکات. یەکێک لەو پرسانەی کە ئۆجالان لە دوایین دیداری لەگەڵ شاندی ئیمرالیدا سەرنجی لەسەر بوو، خێراکردنی پرۆسەکە بوو.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی دەم پارتی، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە نابێت کاری ئەو لیژنەیەی لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا دامەزراو دوابخرێت، چونکە دواکەوتن دەبێتە هۆی ناکۆکی نوێ و بێمتمانەیی یەکتر.
ئۆجەلان بە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی پەکەکە بۆ دانانی چەک، دەوترێت پەیامەکەی گەیاندووە، "بەدڵنیاییەوە چەکمان داناوە؛ ئێمە لەسەر ئەم بابەتە سوورین. ئەوەی دیکە بابەتی پلاندانانە".