ئا: ئاوێنە
سێ ڕووداو لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە باشووری قەفقاز، هەنگاوەکانی ئەمریکا کاردانەوەی توند لە ئێران و هۆشداری لە کاریگەرییە ستراتیژییەکان بۆ تورکیا دەوروژێنێت.
ئەو پێشهاتە خێرایانەی لەباشووری قەوقازو دەریای خەزەر لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوویانداوە، نیگەرانییەکانی ئەنقەرە و تارانی زیاد کردووە. بەپێی شیکارییەک کە لەلایەن دەریاوانی خانەنشینکراوی تورکیا "جەم گۆردنیز" لە تۆڕی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، زنجیرەیەک لەسێ ڕووداوی ئەم دواییە، هەوڵی ئەمریکا بۆ توندکردنەوەی گەمارۆی ستراتیژی لەدەوروبەری ئێران لەباکوورەوەو بڕینی ڕێگاکانی دابینکردنی کەرەسەی سەربازیی لەڕوسیاوە، رووداوی گەورەو هەژێنەرن بۆ ئێرانو تورکیاش.
یەکەم ڕووداو لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ ڕوویدا، کاتێک پەرلەمانی ئەرمەنستان ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بەپڕۆژەی "ڕێڕەوی ترەمپ" بەدرێژایی ڕێگای زەنگێزور پەسەند کرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، لایەنی ئەمریکی پشکەکانی لەسەدا ٧٤ی ئەو کۆمپانیایە هاوبەشە دەبێت کە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکە دامەزراوەو ماوەی سەرەتایی کارکردن و پەرەپێدانی بە ٤٩ ساڵ دیاریکراوە.
ئەم هەنگاوە بووە هۆی وەڵامدانەوەی توندی ئێران. ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، بەرپرسی باڵای ئێران هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند "ئەگەر ترەمپ و هاوپەیمانەکانی هەوڵی بەزاندنی هێڵی سووری ئێران بدەن، قاچیان دەشکێنین".
تەنها دوو ڕۆژ دواتر، لە ٧ی تشرینی دووەم، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دروستکردنی هێزێکی ئەرکی تایبەتی بەناوی "دەروازەی ئاسن"ی ڕاگەیاند، کە لە ٢٠ کارمەند پێکهاتبوو. ئامانجی ئەم هێزە ڕێگریکردنە لە گواستنەوەی چەک و تەکنەلۆجیا و کاڵایانەی کەوتۆتە ژێر سزاکان لەڕێگەی سنوورە وشکانییەکانی ئێران و دەریای خەزەرەوە.
گۆردنیز باس لەوە دەکات کە واشنتۆن ئامانجیەتی پەیوەندی لۆجستیکی ستراتیژی نێوان ڕووسیا و ئێران بپچڕێنێت.
بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە دەریای خەزەر بەڕووی کەشتییە جەنگییەکانی ڕۆژئاوادا داخراوەو کەنارەکانی لەلایەن ڕووسیاو ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە، بۆیە سەپاندنی گەمارۆ بە بەکارهێنانی یەکەیەکی ٢٠ کەسی لە ڕاستیدا سنوورداربوونی هەژموونی ئەمریکا ئاشکرا دەکات.
لەبەر ئەوەی ئەمریکا ناتوانێت گەمارۆی دەریایی بسەپێنێت، کار بۆ تەواوکردنی گەمارۆدانەکە دەکات لەڕێگەی وشکانییەوە لەڕێگەی قەفقازی باشوورو تورکمانستانەوە.
ئەم هەنگاوە جگە لەبەدەستهێنانی پێگەیەکی هەمیشەیی لەباکووری ئێران، مەبەست لێی گوشاری جیۆپۆلەتیکییە بۆ سەر ڕێڕەوی گواستنەوەی ڕووسیا و ڕێگای چین.
لە تورکیا ئێستا داوای دووبارە لێکۆڵینەوە لەسیاسەتی نەتەوەیی دەکرێت، هەرچەندە ئەنقەرە تەنانەت پێش هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لەگەڵ نفوزی ئەمریکا لەکۆریدۆرەکەدا ڕێککەوتبوو، بەڵام هەلومەرجەکانی سەر زەوی بەتەواوی گۆڕاوە.
گۆردنیز هۆشداری دەدات لەوەی پاڵپشتیی ناشایستە بۆ ڕێڕەوی ترەمپ، کە دەتوانێت خزمەت بە ستراتیژی گەمارۆدانی میحوەرەکەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە دژی ئێران بکات، زیانێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ تاران، مۆسکۆ و پەکین دەگەیەنێت.جگە لەوەی لەوڵاتانی تورک زمانی دادەبڕێت.
بە وتەی ناوبراو، یەکگرتن لەگەڵ جیهانی تورکی ئامانجێکی ستراتیژییە، بەڵام دەبێت لەڕێگەی هاوکاری لەگەڵ زلهێزە دامەزراوەکانی ئاسیاوە ئەنجام بدرێت، نەک لەژێر چاودێریو هەژموونی ئەمریکی.