ئا: ئاوێنە
راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگری (میت)ی تورکیا، ئیسرائیل وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی درێژخایەن دەخاتەڕوو، مەزەندە دەکات کە تەنانەت گۆڕینی ناتانیاهۆش پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات باشتر ناکات، هەروەها سوریا وەک مەترسیدارترین گۆڕەپانی ململانێکان دیاری دەکات.
ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا تادێت تایبەتمەندی ڕکابەرییەکی جیۆپۆلەتیکی درێژخایەن وەردەگرێت، کە تەنها پەیوەست نییە بەپەیوەندییە کەسییە گرژەکانی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.
شیکارییەک کە لەلایەن توێژەر مستەفا ئینس ئیسن لە دامەزراوەی توێژینەوەی InstituDE بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە تەنانەت گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حکومەتی ئیسرائیلدا پێشبینی ناکرێت ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە، بە لەبەرچاوگرتنی بۆشاییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو وڵات.
شیکارییەکە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکە کە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن ئەکادیمیای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (MİA) کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی هەواڵگری تورکیا (MİT) کاردەکات، لە ژێر ناوی “ئەناتۆمی فراوانبوونی ئیسرائیل” بڵاوکراوەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئیسرائیل وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی تورکیا دەخاتەڕوو، هۆشداری دەدات لەوەی سیاسەتی ئیسرائیل لەناوچەکەدا دیاردەیەکی کاتی نییە کە پەیوەستە بە حکومەتێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو ڕەوتێکی قووڵە کە ڕەنگە تەنانەت دوای گۆڕینی حکومەتیش بەردەوام بێت.
بە گوتەی ئیسن، ڕاپۆرتەکە ڕەنگدانەوەی جیهانبینی کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو بازنەی هەواڵگری و حکومەتی تورکیایە. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنقەرە ئیسرائیل وەک ڕکابەرێک لەداڕشتنی سیستەمی ناوچەکەدا دەبینێت، نەک تەنها وڵاتێک کە ناکۆکی سیاسی لەگەڵدا هەبێت لەسەر شەڕی غەزە.
ئایا ئایزنکۆتیش وێنەکە ناگۆڕێت؟
شیکارییەکە دوای دوو ڕۆژ لەهەڵبژاردنەکانی ٢٦ی کنێست بڵاوکرایەوە کە بەبێ زۆرینەی دەنگ بۆ یەکێک لە بلۆکەکان کۆتایی هات. سەرەڕای ئەو چەقبەستووییە سیاسییە، ئیسن پێی وایە کە ناسنامەی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لەبنەڕەتدا سیاسەتی دەرەوەو ئەمنی ئیسرائیل ناگۆڕێت.
دەشڵێت ناتانیاهۆ و ئایزنکۆت لە شێواز و ڕەفتاردا جیاوازییان هەیە، بەڵام مەرج نییە لەتێڕوانینە بنەڕەتییەکان سەبارەت بەئێران، سوریا و لوبنان، جیاواز بن.
باس لەوەش دەکات کە ئایزنکۆت پێشتر وەک فەرماندەی فەرماندەیی باکور و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کاری کردووە، لەلوبنان لەگەڵ عەقیدەی (زاحیە) دەناسرێتەوە و دوای ٧ی ئۆکتۆبەر لە کابینەی جەنگی نەتانیاهۆدا کاری کردووە. هەربۆیە لە هەڵسەنگاندنەکەیدا پێدەچێت حکومەتێک بەسەرۆکایەتی ئایزنکۆت لەسوریا درێژە بە چالاکییە سەربازییەکان بدات و ئامادەیی ئەمنی لە باشووری لوبنان بپارێزێت و وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات.
سوریا: مەترسیدارترین گۆڕەپان
یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکەی تورکیا تایبەتە بە سوریا، کە وەک گۆڕەپانێک دەخرێتەڕوو بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بەڕاستەوخۆترین و مەترسیدارترین شێوە بەریەککەوتنی تێدا دەبێت.
بەپێی ئەو بۆچوونەی لەڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو، تورکیا ئارەزووی بەهێزکردنی حکومەتی ناوەندییە لەوڵاتانی دراوسێ و دامەزراندنی سیستمی ئەمنی سەقامگیر کە ڕێگەیان پێبدات وڵاتەکانیان کۆنترۆڵ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل لەگەڵ بوونی دەوڵەتە لاواز و دابەشبووەکانە، بە شێوەیەک کە ڕێگەی پێدەدات ئازادیی کردەی سەربازی بپارێزێت و دەستوەردان بکات لەو رووداوانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕوودەدەن.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوریا بووەتە جێگای سەرەکی کێبڕکێی نێوان هەردوو وڵات. ئەنقەرە کار بۆ بەهێزکردنی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق و فراوانکردنی نفوزی ئەمنی و سیاسی خۆی دەکات، هاوکات ئیسرائیل کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی ئەو رەگەزانەی کە مەترسی لەسەر دروستدەکەن.
بە گوتەی ئیسن، تا چالاکی و بوونی ئەو دوو وڵاتە لە سووریا فراوانتر بێت، مەترسیی بەریەککەوتنی سەربازی لە نێوانیاندا زیاتر دەبێت. هۆشداری دەدات لەوەی بەبێ بەردەوامی نێوەندگیری ئەمریکا، بۆشاییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنێک کە لەئاڵوگۆڕی لێدوان لە نێوان سەرکردەکان تێپەڕێت.
ململانییەکە فراوانتر دەبێت بۆ دەریای ناوەڕاست و ڕێگاکانی بازرگانی
ڕکابەرییەکە تەنیا لەسوریادا سنووردار نییە. هەروەها ڕاپۆرتی تورکیا ئاماژە بە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و قوبرس دەکات وەک گۆڕەپانەکانی گرنگی ستراتیژی زیاتر، بە لەبەرچاوگرتنی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان و هاوکارییە ئەمنییەکان و پلانەکانی وزە.
ئەنقەرە چاودێری فراوانبوونی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس دەکات و ئەوانیش وەک بەشێک لەڕێکخستنێکی ناوچەیی دەزانێت کە ڕەنگە بوارەکانی تورکیا بۆ مانۆڕ لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کەمبکاتەوە.
هەروەها لە بەرەی ئابووریشدا، تورکیا ڕێڕەوی بازرگانیی پلان بۆ داڕێژراوی هیندستان- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا (IMEC) وەک ڕکابەرێکی ئەگەری بۆ پلانەکانی گواستنەوە و بازرگانی خۆی دەبینێت. لە بەرامبەردا ئەنقەرە ڕێگا بازرگانییە بەدیلەکان بەرەوپێش دەبات، لەوانە ڕێڕەوی گەشەپێدان لە ڕێگەی عێراقەوە و ڕێڕەوی ناوەڕاست کە تورکیا بە ئاسیای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە. ئامانج لێی پاراستنی پێگەی خۆیەتی وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ جوڵەی کاڵاو وزە لەنێوان ئاسیاو ئەوروپادا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێویستە تورکیا خۆی لە وەڵامدانەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ هەر کردەوەیەکی ئیسرائیل بەدوور بگرێت و لەبری ئەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پتەوتر بکات و پاڵپشتی بنیاتنانی دامەزراوەی حکوومی سەقامگیرو سیستمی ئەمنی بکات و بەدیلەکانی ڕێکخستنە ناوچەییەکان پەرەپێبدات.
ئایا واشنتۆن سەرکەوتوو دەبێت لە ڕێگریکردن لە پەرەسەندن؟
لە ڕابردوودا ئەمریکا ڕوانگەیەکی میانڕەوتری گرتەبەر بۆ ئەو ململانێیە. تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سوریا، ئاڵوگۆڕی نێوان ئەردۆغان و نەتانیاهۆی بەشێوەیەکی سەرەکی بە قسەی سیاسی وەسف کرد و هەڵسەنگاندنی کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە باشترە لەوەی کە لە لێدوانی سەرکردەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە.
ئیسن بە تەواوی ئەو ڕێبازە ڕەت ناکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە پەیوەندییە بازرگانی و ئەمنییەکانی نێوان وڵاتان سەرەڕای قەیرانەکان بەردەوامن، بەڵام ئەو دەڵێت کە ململانێکان لە ئێستاوە لەپەیوەندییە کەسییەکانی نێوان سەرکردەکان تێدەپەڕێت.
بە وتەی ئەو، هەڵەی ئەنقەرە ئەوە بووە کە وای زانیوە کۆتایی هاتنی خولی نەتانیاهۆ ڕێگە بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەدات لەپەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
ڕاپۆرتی ئەکادیمیای هەواڵگری نیشتمانی، بە بۆچوونی ئەو، ئاماژە بەگۆڕانکارییەکی قووڵتر دەکات لەتێڕوانینی تورکیا بۆ ئەو مەترسییە.
بۆیە ئەگەر حکومەتێکی نوێش لەئیسرائیل دامەزرا، پێدەچێت بۆشاییە ستراتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا بەردەوام بێت و هەردوو وڵات سەرقاڵ بکات. سوریا وەک خاڵی ناوەندی بەریەککەوتن دەمێنێتەوە و توانای ڕێگریکردن لە تێکچوون بۆ ململانێیەکی سەربازی ڕەنگە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەست بێت بەتێوەگلانی ئەمریکاوە.
ئەو دەرەنجامەی کە توێژەر پێشکەشی کردووە ئەوەیە "گرژیی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب تەنیا ململانێیەکی شەخسیی نێوان ئەردۆغان و نەتانیاهۆ نییە، بەڵکو کێبڕکێیەکی درێژخایەنە بۆ کاریگەری و رۆڵ و دیاریکردنی سیستەمی ناوچەیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

ڕکابەرییەکە تەنیا لە سوریادا سنووردار نییە. پڕۆژەی IMEC: ڕێگایەکی بازرگانی لە هیندستانەوە بۆ ئیسرائیل