ئا: ئاوێنە
سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لیوا سەعد مەعن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وردەکاری دۆسیەی کوشتنی پەرلەمانتاری پێشوو، ئەحمەد عەلوانی، لە بەیروت ئاشکرا کرد،
مەعن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (ئینا)ی ڕاگەیاند “لە ڕێگەی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ محەمەد حسێنی باڵیۆزی عێراق لە بەیروت و بەپێی بەدواداچوونە ئەمنییەکان، سەرجەم وردەکارییەکانی دۆسیەی کوشتنی ئەحمەد ئەلوانی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق گەیشتووە".
ئامژە بەوەش کرد کە "گەشتەکەی عەلوانی لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە، ئێوارەی پێنجشەممە ٥ / ١١ بەهێڵی ئاسمانی میدڵ ئیست گەیشتووەتە بەیروت، بەپێی تۆمارەکانی کامێرای چاودێری، بەشێوەیەکی ئاسایی گەیشتووەتە ئەوێ و پاسپۆرتی ئاساییشی پێبووە. عەلوانی بە تەکسی لەفڕۆکەخانە دەرچووەو چووەتە هۆتێلێک لە نزیک ناوچەی رەوشە لە بەیروت، چووەتە ناو هۆتێلەکە و کلیلی ژوورەکەی وەرگرتووە. دوای کەمتر لەکاتژمێرێک، ژوورەکەی بەجێهێشتووەو لە هۆتێلەکە دەرچووە، کاتێک ستافەکە لێی پرسیوە بۆچی، وەڵامی داوەتەوە کە هەندێک هاوڕێی گەیشتوون و لەگەڵیان دەڕوات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لەگەڵیان ڕۆیشتووە دەیناسین یان پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵدا هەبووە".
مەعن ئاماژەی بەوەشکرد کە "لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ خاوەن هۆتێلەکە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسانەی لەگەڵیاندا ڕۆیشتوون بە لەهجەیەکی سوری قسە دەکەن، هەروەها عەلوانی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڕەنج ڕۆڤەری سپی لەگەڵیاندا سوار بووە، بەپێی ئەو وردەکاریانەی کە خاوەن هۆتێلەکە باسیکردووە، وا دیاربوو پەیوەندیی لەگەڵیان نزیک بووە”.
ڕوونیشیکردەوە "عەلوانی دووجار پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە، دوا پەیوەندیش لەو شوقەکەیەوە بووە کە لەگەڵ دوو سوری چووە بۆی، کە دەکەوێتە ناوچەی تەریق ئەلجەدیدە کە زۆرینەی سوننەنشینە”، ئاماژەی بەوەشکرد "چەند ڕۆژێک دواتر زاوای عەلوانی کە هاوکات ئامۆزایەتی و ناوی ئەزهەر عەلوانییە، پەیوەندی بە باڵیۆزی عێراقەوە کردووە و پرسیاری دیارنەمانی عەلوانی کردووە لەبەیانی سێشەممەدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "باڵیۆزخانەکە هەوڵیدا خێزانی عەلوانی دڵنیا بکاتەوە، بەهۆی ئەو نیگەرانییە زۆرەیانەوە، چەندین پرسیاری لێکردوون، لەوانە (کەی دوایین پەیوەندیان لەگەڵیدا بووە و پەیوەندییەکە تەنها دەنگی یان دەنگی و ڤیدیۆ بووە؟)"، ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئەوە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیروت دەستیکرد بە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان.
ئاماژەی بەوەشکرد، "باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیروت بەردەوام بوو لە پەیوەندی و بەدواداچوون لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان، ئێوارەی ئەو ڕۆژەش، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لە لوبنان، مەیجر جەنەراڵ شەقیر، پەیوەندی بە باڵیۆزی عێراقەوە کرد و ئاگاداری کردۆتەوە کە بەدوای ئاماژەیەکدا دەگەڕێن کە جموجۆڵەکانی عەلوانی ڕوونبکاتەوە بەمەبەستی زانینی چارەنووسی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بایەخدانی دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان بەکەیسەکە".
لە درێژەی قسەکانیدا، جەنەڕاڵ شقیر باڵیۆزی ئاگادار کردەوە کە تەرمێک لەناو شوقەیەکدا لە ناوچەی ئەلجەدیدە دۆزراوەتەوە، خاوەنەکەی نەناسراوە، لێرەوە گومانەکان دەستیان پێکردووە، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە خاوەنی تەرمەکە ڕەگەزنامەی سورییە، چونکە ئەو کەسەی ئەو شوقەیەی بەکرێ گرتووە کە عەلوانی تێیدا ماوەتەوە، سورییە، باڵیۆزی عێراقیش ئاگاداری کردۆتەوە کە دەیەوێت پشکنین بۆ جەستەکەی بکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "باڵیۆزی عێراق لە بەیروت، بەیاوەری کەسوکاری عەلوانی و کونسوڵ و وەفدێکی باڵیۆزخانە، چوونە شاری زەحلە، کە نەخۆشخانەیەکی حکومی لێیە، بۆ بینینی تەرمەکە، کە دەستیکردبوو بە شیبوونەوە و هەندێک لەسیماکانی لەدەستدابوو. بۆیە کەسوکاری عەلوانی دەیانویست ناسنامەکەی پشتڕاستبکەنەوە، بەو پێیەی گومانیان هەبووە، بەڵام دڵنیا نەبوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دادوەری لێکۆڵینەوە، ئەحمەد ڕامی ئەلحاج، کە داواکاری گشتییە لە لوبنان، دەستپێشخەری ڕێکارە دادوەرییەکانی کردووە بەهۆی گرنگی دۆسیەکە، بە ئامانجی زیاتر پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی تەرمەکە و ئەنجامدانی پشکنینی DNA . بۆیە داوای ئامادەبوونی یەکێک لە خزمەکانی پلەی یەکەمی عەلوانی و بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، دوای ئەوەی کەسوکارەکەی بابەتەکەیان دووپاتکردەوە، تەرمەکەیان ناسیەوە و پشتڕاستیان کردەوە کە هی ئەحمەد عەلوانییە”.
ڕوونیشی کردەوە، "بە پشتبەستن بە فەرمانی دادوەر، پاشنیوەڕۆی چوارشەممە، کوڕی عەلوانی گەیشتە لوبنان، و نمونەیەکی لێوەرگیرا بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی، هەروەها لێدوانەکەی تۆمارکرا سەبارەت بەزانیارییەکانی پەیوەست بەباوکی، لەوانەش کاتی ڕۆیشتنی، هۆکاری سەردانەکەی و ئایا ئەوان ئەو کەسانە دەناسن کە باوکی چاوی پێی کەوتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "باڵیۆزخانە و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق چاوەڕێی وەرگرتنی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی بوون بەمەبەستی ناردنی تەرمی عەلوانی بۆ عێراق".
ڕوونیشیکردەوە، "ئەو شوقەیەی بەکرێ گیراوە هی هاوڵاتییەکی لوبنانییە، کە لەئێستادا وەک ڕێکارێکی یاسایی دەستگیر کراوە، چونکە بڕیارە بەڵگەنامەی ناسنامەی کرێنشینەکانی هەبێت، خاوەنی شوقەکە بەگوێرەی لێدوانەکانی ڕایگەیاندووە ئەو کەسانەی بەکرێیان گرتووە، بەلاڕێدایان بردووە و وایان لێکردووە کە وابزانێت ماوەی کرێی خانووەکە درێژ نابێتەوە، 200 دۆلاریان پێداوە بۆ هەر شەوێک لەبری 100 دۆلار، بەڵێنیان پێداوە دوای دوو ڕۆژ لەگەڵ ڕادەستکردنی بەڵگەنامەکانی ناسنامەکانیان بهێنن، بەڵام پاش دوو ڕۆژ کە گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی باقی کرێی شوقەکە، هیچ کامیانی نەبینیوە، ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممەش هەر دیار نەبوون، کاتێک سەرنجی داوە بۆنێکی نائاسایی لەشوقەکەیەوە دەرچووە، پۆلیسی ئاگادارکردوەتەوە، کە شوقەکەیان کردوەتەوە تەرمەکەیان لەناویدا دۆزیوەتەوە".
عەلوانی، کەسایەتییەکی سیاسی سوونەی خەڵکی ئەنبارەو ناوەکەی پەیوەست بوو بەخۆپیشاندانەکانی ساڵی 2012 و 2013 دژی حکومەتی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، دواتر بە دەستگیرکردن و سزای لەسێدارەدانی، پێش ئەوەی دوای زیاتر لە دە ساڵ زیندانیکردن، ئازاد بکرێت.
ئەحمەد سلێمان ئەلعەلوانی، لە 27ی نیسانی ساڵی 1969 لە شاری ڕەمادی سەر بە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لەجیلۆجی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
دوای ساڵی ٢٠٠٣ هاتە ناو ژیانی سیاسییەوە، پەیوەندی بە لیستی عێراقییەوە کرد بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی، بۆ ماوەی دوو خولی یەک لە دوای یەک لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٤ وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کاری کردووە، هەروەها سەرۆکایەتی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمان بووە.
لە ماوەی مانەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە دژایەتیکردنی حکومەتی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەت و کاریگەریی ئێران لە عێراق ناسرابوو .
ناوەکەی زیاتر دەرکەوت لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ژمارەیەک پارێزگا کە زۆرینەیان سوننە بوون لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢دا، کە داوای کۆتاییهێنانیان بە پەراوێزخستنی سیاسی سوونەیان دەکرد گەڵ داواکارییەکانی پەیوەست بە دەستگیرکراوەکان و یاساکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری.
لە 28ی کانوونی دووەمی ساڵی 2013، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شاری ڕومادی و لە ئەنجامدا دەستگیرکردنی و پێکدادانی چەکداری ڕوویدا. لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا براکەی بەناوی عەلی ئەلئەلوانی و چەند پاسەوانێکی کوژراون و لە نێو هێزە ئەمنییەکانیشدا زیانی گیانی هەبوو. دەستگیرکردنەکەی مشتومڕی سیاسی و یاسایی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی کە ئەندامی پەرلەمان بووە و لەو کاتەدا پارێزبەندیی پەرلەمانی بەهرەمەند بووە.
ڕۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2014، دادگای تاوانەکانی ناوەندی لە بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر عەلوانی بە هەڵواسینی سەپاند، دوای ئەوەی بە تاوانی کوشتنی دوو سەرباز لەکاتی پێکدادانەکاندا تاوانبار کرا.
ڕۆژی 23ی نیسانی 2025، ئەلعەلوانی دوای زیاتر لە 11 ساڵ زیندان ئازادکرا، ئەوەش دوای کشانەوەی سکاڵاکە لەلایەن بنەماڵەی یەکێک لە قوربانیانی پێکدادانەکانی ساڵی 2013 و قبوڵکردنی قەرەبووی داراییان، کە ڕێگەی پێدا سودمەند بێت لە یاسای لێبوردنی گشتی.