ئەندامێکی پەرلەمان عێراق رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە پەلە بکەن لە ناردنی نەوتی سپی ماڵان، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق تا ئێستا هیچ رێکارێکی نەگرتووەتە بەر و خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە.
ئاوێنە: سیپان شێروانی بە کوردستان24ی وت "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە پەلە بکەن لە ناردنی نەوتی سپی ماڵان بۆ کوردستان بەو پێیەی وەرزی سەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم دەستی پێکردووە".
وتیشی "لە کۆبوونەوەی کۆتایی شاندی وەزارەتی نەوت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ دووبارە ئەو بابەتە باسکراوە و داوا کراوە پەلە بکرێت لە ناردنی نەوتی سپی، بەڵام بە داخەوە وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ رێکارێکی نەگرتووەتە بەر تاوەکوو ئێستا و خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە و ئەوەش پێشهاتێکی نوێ نییە".
شێوانی ئاماژەی بەوەشدا، "لە هەفتەدا سەردانی چەند بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراقم کرد و باسی ئەو بابەتەمان کرد و ئەوان دەڵێن؛ تائێستا نەوتمان نەناردووە، چونکە بەتاماین مۆدێلی پێدانی سوتەمەنی بگۆڕین و، هیچ کەسێک تائێستا هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە نییە و نەگەیشتووەتە پەرلەمان کە ئەو مۆدێلە چۆنە و بە نیازی چین."
پەرلەمانتارەکەی عێراق راشیگەیاند "وەزیری نەوتی عێراق لە ئاست داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بێدەنگە و تەنانەت کێشەی بەنزینیش، کە ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان داوایان کردبوو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ١٤% لە بەرهەمە نەوتییەکان زیاد بکرێت و بە زارەکی بەڵێنیان وەرگرت، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە".
سیپان شێروانی جەختی کردەوە "مافی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە سووتەمەنییان بۆ دابینبکرێت، بەڵام دەبێت وەزیری نەوتی عێراق ناچار بکەین کە پابەند بێت بە دەستوور." سەبارەت بە بانگهێشتکردنی وەزیری نەوت بۆ پەرلەمان، رایگەیاند کە بڕیار بوو سبەی لێژنەکەیان لە پەرلەمان بە فەرمی وەزیری نەوت بانگهێشت بکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ نووسینگەکەی وەڵامی داوینەتەوە کە ناتوانێت ئامادە بێت و دەچێتە دەرفەتێکی دیکە.
ناوبراو ئاشکراشیکرد "دۆخی وەزیری نەوت زۆر خراپە و نە سەرۆکوەزیران، نە ئەنجوومەنی وەزیران، نە پەرلەمانتاران و نە حزبە سیاسییەکان هیچ کەس لە وەزیری نەوت رازی نییە، و دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەزیری نەوتی عێراق دەگۆڕدرێت. تەنانەت لایەنە شیعی و فراکسیۆنە گەورەکانیش لێی رازی نین و نەیتوانیوە لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بێت، جگە لەو لایەنە کوردستانییانەی کە بە شێوەیەکی خۆبەخش بوونەتە پارێزەری وەزیرەکە، ئەوانەی دەیانگوت ئەگەر ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بنێرێتە کوردستان، بەغدا کوردستان نوقمی بەنزین دەکات".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ١٨ـی ئەم مانگەوە نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و داوای ٢٨٦ ملیۆن لیتر نەوتی سپی کردووە بۆ ئەوەی هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوت وەربگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق وەڵامی ئەو نووسراوەی نەداوەتەوە و دیاریش نییە کەی وەڵامی داواکارییەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەداتەوە.