هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
  2026-10-27     

ئا: ئاوێنە

 

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، تاوەکو پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە فەرمی نەناسرێت، هێزەکانی گەریلا هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێن. هاوکات سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و پێی وایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم، پێویستییەکی بەپەلە بە پێکهێنانی یەکێتییەکی دیموکراتی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە.

 

​بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی "مەدیا خەبەر"دا، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی، پرسی ژنان، دۆخی زیندانەکانی تورکیا، هەروەها گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.

 

​مەرجی کەجەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی

​لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بە قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هۆزات ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت و دەسەڵاتی تورکیا لەبری نانی هەنگاوی یاسایی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی ئەوەی ناوی برد بە "سیاسەتی شەڕی تایبەت". ناوبراو لێدوانەکانی محەمەد ئۆچووم، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا و زیادبوونی پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکانی ئەو وڵاتەی وەک نموونەیەک بۆ سەلماندنی ئەو دۆخە هێنایەوە.

​هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی لە هەڵوێستی ڕێکخراوەکەی کردەوە بەوەی کە تاوەکو پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە) بە فەرمی نەکرێت، هێزەکانی گەریلا هیچ هەنگاوێکی دیکە ناگرنەبەر. بە بڕوای هۆزات، بەفەرمیکردنی پێگەی ئۆجەلان هەنگاوێکی بنەڕەتی و پێویستە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی.

 

​کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ململانێکان لەگەڵ ئێران

​پەیوەست بە دەنگۆی کشانەوەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەسێ هۆزات ڕایگەیاند کە باسکردن لە کشانەوەی تەواوەتیی ئەو هێزانە دوورە لە واقیعەوە.

​ناوبراو ڕوونی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا بەشێکی زۆری هێزە وشکانییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشاندووەتەوە و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە یەکە سەربازییەکانی ماونەتەوە، بەڵام واشنتن وەک هێزێکی خاوەن هەژموون لە ناوچەکەدا بەردەوامە. هۆزات ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمریکا لە ئێستادا لە ململانێ و شەڕێکی گەورەدایە لەگەڵ ئێران و ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە هەوڵەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە، کە بە گوتەی ئەو هێشتا قۆناغەکانی کۆتایی نەهاتووە.

 

ستراتیژیی بەهێزکردنی دەوڵەتە ناوەندییەکان و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان

​بەسێ هۆزات هۆشداریی دا لە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە گوتەی ئەو لەسەر بنەمای "بەهێزکردنەوەی دەوڵەتە ناوەندییەکان" داڕێژراوە. لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک کرد کە ئاماژەیان بە ئەگەری هێرشی نوێ کردبوو، و پێی وابوو کە ئەو سیاسەتە پێشتر لە سووریا و لوبنان جێبەجێ کراوە و ئێستاش لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت.

​هاوسەرۆکی کەجەکە پێی وایە ئەم ستراتیژییە نوێیەی ئەمریکا مەترسی و ڕیسکێکی ڕاستەقینە بۆ سەر پێگەی کورد لە تەواوی ناوچەکە و بەتایبەت بۆ سەر قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، چونکە بەهێزبوونی حکومەتە ناوەندییەکان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازبوون و پاشەکشەی پێگەی قەوارە هەرێمی و فیدراڵییەکان.

 

​بانگەواز بۆ یەکێتیی لایەنە کوردییەکان و چاکسازیی ناوخۆیی

​بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی ئەو مەترسییانە، بەسێ هۆزات پێشنیازی پێکهێنانی "یەکێتیی دیموکراتی و نەتەوەیی کوردان"ی کرد وەک تەنیا ڕێگەچارە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان. لەم ڕووەوە داوای لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد کە خوێندنەوەیەکی قووڵ و دوورمەودایان بۆ قۆناغەکە هەبێت و گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیاندا بکەن.

​هۆزات سەرکەوتنی ئەو یەکێتییەی بەستەوە بە ئەنجامدانی چاکسازی و دیموکراتیزەکردنی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا و گوتی: "لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هۆشیارییەکی نەتەوەیی بەهێز، گیانی یەکڕیزی و تێکەڵاوییەکی کۆمەڵایەتیی پتەو بوونی هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لە نێوان خودی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکاندایە."

​لە کۆتایی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەختی کردەوە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی دیموکراتیزەبوون بە هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە و کۆمەڵگەی مەدەنی گەشە بکات و یەکڕیزیی کورد پەرەی پێ بدرێت، دەکرێت سەرجەم مەترسییەکان تێپەڕێندرێن؛ بە پێچەوانەوە، بەبێ دیموکراتیزەبوونی هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێگریکردن لەم مەترسییە جیۆپۆلەتیکییانە کارێکی ئەستەم دەبێت.

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
بەشدارییەکی بێ‌ وێنەی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا؛ سێ ئەگەری بەردەمی نەتانیاهۆ چین؟
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×