بەشدارییەکی بێ‌ وێنەی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا؛ سێ ئەگەری بەردەمی نەتانیاهۆ چین؟
  2026-10-27     

ئەمڕۆ سێشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل، بە بەشدارییەکی ژمارەیەکی بەرچاوی دەنگدەران بەڕێوە دەچێت. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت دیاری بکات کە بنیامین نەتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا دەمێنێتەوە، یان دەسەڵاتدارییەکەی کۆتایی دێت.

 

ئاوێنە: تا کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی ناوخۆ، زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس دەنگیان داوە. بەڵام دوا ڕاپرسییەکان پیشان دەدەن کە هیچ کام لە دوو بەرە سەرەکییەکە دڵنیانین لەوەی بتوانن زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەستبهێنن.

بۆ ئەو مەبەستە، کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژاردنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، تا کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ، ٥٥.٧ لە سەدی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگیان خستووەتە سندوقەکانی دەنگدان. ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ هەمان کات لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٢دا، ١٧.٢ خاڵی سەدی زیاترە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەگەر دەنگدان بە هەمان شێوە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە هەیە ڕێژەی بەشداریی گشتی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٩ەوە لە ٨٠ لە سەد تێپەڕێت.

لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٧٣دا، ڕێژەی کۆتایی بەشداریی دەنگدەران ٧٨.٦ لە سەد بوو. تا کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش، ٥٤.١ لە سەدی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان دابوو. بەمەش، بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا نزیکەی ٣ خاڵی سەدی زیاترە لەوەی لە هەمانکاتدا لە ساڵی ١٩٧٣ تۆمار کرابوو.

لە هەندێک ناوچەی ئیسرائیل، لەوانە ناوچەی تیموریم، ڕێژەی بەشداری تا کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ گەیشتووەتە ٩١.٦ لە سەد.
بە گشتی، زیاتر لە ٧.٣ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی ١٢ هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئیسرائیلدا چالاکن.

ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیلە لەدوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس و جەنگەکانی دواتر لە غەززە، لوبنان و ئێران. چارەنووسی سیاسی نەتانیاهۆ، شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکان لەلایەن حکومەتەکەی و بەرپرسانی ئەمنی لە ڕووداوی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر، لە گرنگترین بابەتەکانی ملمـلانێی هەڵبژاردندا بوون.
بەڵام شیکەرەوەکان هۆشداری دەدەن، نابێت ئەنجامی ئەگەریی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە مانای گۆڕانکاری لە سیاسەتی سەربازیی ئیسرائیل بەرامبەر ئێران لێکبدرێتەوە؛ چونکە گادی ئایزینکۆت سیاسەتمەدار و سەربازی پێشووی ئیسرائیل هەڵوێستێکی توندی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازییەکان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە شکستە ئەمنییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، سیاسەتە ناوخۆییەکان و پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو، هەموویان ڕۆڵێکی گرنگ لە ملمـلانێی نێوان ئەم دوو هاوپەیمانییە سیاسییەدا دەگێڕن.
 

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
بەشدارییەکی بێ‌ وێنەی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا؛ سێ ئەگەری بەردەمی نەتانیاهۆ چین؟
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×