وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی: دۆسیه‌ی ئه‌منیی شه‌نگال ته‌نیا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵدایه‌‌
  2026-10-28     

وته‌بێژی عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دۆسیه‌ی ئه‌منیی شنگال ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵدایه‌و رێكاره‌كانی تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌ و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێگه‌كانیان له‌ چیای شنگال-یش له‌م چوارچێوه‌یه‌دایه‌.

ئاوێنه‌: سه‌باح نوعمان، وته‌بێژی عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، له‌سه‌ر فه‌رمانی عه‌لی زه‌یدی، لیژنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەیان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی چەک له‌لایه‌ن دەوڵەتەوە.

وتوشیه‌تی، لەو چوارچێوەیەدا، حکومەتی فیدراڵی جەخت دەکاتەوە کە ئه‌و رێكاره‌ ئەمنییانه‌ی لە ناوچەکانی شنگال جێبه‌جێكران، بریتیین لە رێكاری مەیدانی و سەربازی کە بەتەواوی له‌ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان كه‌ تێکەڵکردن و ڕێکخستنی ئەندامانی یه‌به‌شه‌(یەكینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال) لەناو هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراقدا له‌خۆده‌گرێت، له‌گه‌ڵ وەرگرتنەوەی پێگەکانیان لە چیای شنگال و رادەستکردنیان بە یەکەكانی سوپای عێراق و پێکهاتەکانی تری هێزە چەکدارەکانمان بەپێی ئەرک و تایبەتمەندییان، چونکە ئەم دۆسیەیە بەیەکێک لە ئەركە تایبەت و ڕەهاکانی حکومەتی فیدراڵ و فه‌رمانده‌ییه‌ ئەمنییە فیدراڵییەکان دەژمێردرێت.

سه‌باح نوعمان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، هەروەها حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی قەزاکەدا، بەوپه‌ڕی ئیراده‌و جدییەتەوە بەردەوامە لە کۆتاییهێنان بە پرسی شنگال، سەرەڕای کارکردن لەسەر دۆسیەکانی ئاوەدانکردنەوە، قەرەبوکردنەوەی خێزانی قوربانییان، خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و کۆتاییهێنان بەو ئازارە سەختەی لە کەمپەکانی ئاوارەییدا دەیچێژن، تاوەکو گەیشتن بە هەڵبژاردنی حکومەتێکی خۆجێیی بۆ قەزاکە بەپێی یاسا، کە جێگەی ڕەزامەندی و پەسەندکردنی دانیشتوانی شنگال بێت و لە کاروباری خۆجێییدا نوێنەرایەتییان بکات.

وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، لەكاتێكدا کە حکومەت و هێزە چەکدارەکانمان دوپاتی دەکەنەوە کە هەمو تواناکانیان ده‌خه‌نه‌ خزمەت هاوڵاتییانەوە، پێیان وایە کە بەهێزکردنی سوپای عێراق و پێکهاتەکانی تری هێزە چەکدارەکانمان و سەپاندنی کۆنتڕۆڵی تەواو، لەوانەش وەرگرتنی ناوچەکانی چیای شنگال، كۆڵه‌كه‌ی سەرەکییە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا و بەدیهێنانی سەروەری له‌ هەمو روه‌كانه‌وه‌ لە قەزای شنگال، لەگەڵ کراوەیی تەواو بۆ چارەسەرکردن و بەرەنگاربونەوەی ئاڵه‌نگاری و کێشەکان سەبارەت بە میکانیزمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و لەخۆگرتنی چه‌كداره‌ ئەمنییەکان، بەپێی ئەوەی کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و یاسا کارپێکراوەکان دەیخوازن.

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
مەترسی گەورە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ئەمساڵ ئاشکرا دەکرێت و نەوتفرۆشتن دەبێت بە 'دەبە'
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×