ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم: نابێت ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق به‌شێوه‌ی ئێستای بخرێته‌ ده‌نگدان
  2026-10-28     

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، ڕێگە نەدات ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، به‌ڵكو پێداچونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستوری و داراییەکانی هەرێمی تێدا مسۆگەر بکرێن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم، لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەبارەت بە ماددەی (10)ی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی2027، خستەڕو.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵ، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بەشداری وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە دۆسێکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ کرا.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبونەوەکان، ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستوری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستور پارێزراون. بۆیە پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێژەی (14.14٪)ی دانیشتوان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێری گشتی، دیاری بکرێت و هەمو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە نادەستوریبون و نادروستیی ئەو بڕگە و خشتانەی ڕەشنوسی بودجەی ساڵی 2027، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، ئامادە کراوە و ماف و شایستەکانی هەرێم پێشێل دەکەن، ڕون بکاتەوە و لەگەڵ پێشنیارە جێگرەوەکانی هەرێم و هەمو بەڵگە دەستوری، یاسایی و داراییەکان، ئاڕاستەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی کابینەی فیدراڵی بکات، بۆ پێداچونەوە و ڕاستکردنەوەی ڕەشنوسەکە.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، ڕێگە نەدات ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستوری و داراییەکانی هەرێم تێیدا مسۆگەر بکرێن.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، ئەنجومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027، لە سەردەمی کابینەی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و دەستوری بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردو حکومەت، نەک ئەوەی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی ڕابردو، هەمان کێشە و ناکۆکییەکان لە ساڵی داهاتوش دوبارە ببنەوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردەوە، کە حکومەتی هەرێم، پابەندە بە جێبەجێکردنی هەمو ئەرکە دەستوری و یاساییەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگرە لەسەر زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم و هاوڵاتیانی و دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بە ڕونی و شەفافی هەمو زانیاری و داتا پەیوەندیدارەکانی، خستوەتە بەردەستی حکومەتی فیدراڵ و بەردەوام لە ڕێگەی دامەزراوە دەستورییەکانی هەردو حکومەتەوە، وردبینی و پێداچونەوەی هاوبەشی مانگانە و وەرزی ئەنجام دەدرێت. بۆیە ناکرێت پشت بە زانیاری و بانگەشەی بێ بنەما و بێ بەڵگە ببەسترێت و بڕیار و مەرجی تاکلایەنە، لە بودجەدا بسەپێنرێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری دوپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە مافە دەستوری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بنەماکانی شەراکەتی فیدراڵیی پتەوتر بکات.

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
مەترسی گەورە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ئەمساڵ ئاشکرا دەکرێت و نەوتفرۆشتن دەبێت بە 'دەبە'
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×