2019-11-08   2604     
تیپی موزیكی (خانزاد)، یه‌كه‌م تیپ بو له‌هه‌مو عێراق كه سه‌رجه‌م ژه‌نیارو گۆرانیبێژه‌كانی ته‌نیا كچ بێت.
ئا: كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
هونه‌ری موزیك‌و گۆرانی هونه‌رێكه له‌زۆربه‌ی شوێن‌و كاتدا بونی هه‌یه له‌ماڵ، له‌كاتی كاركردن، له‌ناو ئۆتۆمبیل ..مرۆڤ ده‌توانێت به‌ئاسانی گوێبستی موزیك یان گۆرانی بێت له‌نێو كوردیش گرنگی زۆر به‌م بواره دراوه‌و ده‌ردێت..چه‌ندین موزیك ژهنو گۆرانیبێژو تیپی موزیكی كوردی هه‌ن، كه‌خزمه‌تێكی زۆریان كردوه ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین تیپی موزیكی(خانزادی كچان)ه له‌هه‌ولێر كه له‌ته‌مه‌نێكی زۆر كورت خزمه‌تێكی زۆری هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی كرد به‌جۆرێك یه‌كه‌م تیپ بووه له‌سه‌ر ئاستی عێراق كه هه‌موو ژنیارهكان و گۆرانی بێژه‌كانی ئه‌م تیپه ته‌نیا ئافره‌ت بن.
(تیپی موزیكی خانزادی كچان)، له‌ساڵی (1980) له‌سه‌رده‌ستی هونه‌رمه‌ند گه‌وره‌ی كورد مامۆستا (وریا ئه‌حه‌مه‌د) دامه‌زرا توانی له‌ماوه‌ی (3-4) ساڵ دوای راهێنان و مه‌شقێكی زۆر تیپێكی خه‌نجیلانه دروست بكات، تیپێكی موزیك به‌ناوی (خانزاد) مه‌به‌ست لێی "خانزاد"ی میری سۆرانهكه یه‌كێكه لهئافرته ناسراوه‌كانی مێژوی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی "میر سلێمان به‌گ" له‌لایه‌ن دوژمنانی كورده‌وه ژه‌هرخوارد كرا له‌ساڵی 1597، له‌شاری به‌غدا كۆچی كرد، خانزاد جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی میرایه‌تیی میرنشینی سۆرانی گرته ده‌ست، نامه‌وێ باسه‌كه بگۆرم به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ناو نانی ئه‌و تیپه به‌م ناوه مانا‌و مه‌دللولی زۆر هه‌ڵده‌گرێت.
تیپه‌كه له‌چه‌ند ئامێر ژه‌نێك پێكهاتبون له‌سه‌ر ئامێره‌كانی (كیبۆرد، گیتاری سۆڵۆ، گیتاری باس، كۆردگیتار، فلووت، كلارینێت، ئۆكۆردیۆن، درامز، ته‌پڵ، بۆنگۆز، كه‌مان،..ھتد) له‌گه‌ڵ چه‌ندین موزیكژه‌ن وه‌كو (شعائع تارق له‌سه‌ر ئامێری ئۆرگ، سۆزان فایق‌و رێزان حه‌مید له‌سه‌ر ئامێری كه‌مان، ڤیان قاسم له‌سه‌ر ئامێری كلارنێت، نادیه له‌سه‌رئامێری ئۆكۆردیۆن، سۆزان حه‌مید له‌سه‌ر ئامێری ئیقاع، ڤیان فائق وكچێك به ناوی سهراب، له‌سه‌ر ئامێری گیتار، كچێكی تر به‌ناوی وه‌رده ده‌ڤ ژن بو له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئافره‌تی تر... یه‌كێك له‌گۆرانی بێژه دیاری ناو تیپ ئافره‌تێك بوو به ناوی (ڤیان فائق) كه له‌زۆربه‌ی چالاكی هونه‌ری ئه‌و كات بوونی هه‌بو، یه‌كێك بووه له‌و ئه‌ندامانه‌ی كه زۆر چالاك، له‌نێو تیپ بونی هه‌بووه، زۆر هه‌وڵمدا بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه گفتۆگۆی له‌سه‌ر تیپ‌و گۆرانییه‌كانی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێسوود بوو،ته‌نیا ئه‌و زانیاری ئه‌وه‌م ده‌ست كه‌وت كه‌ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه له‌هه‌مانكاتدا دووركهتوتهوه له هونه‌ری گۆرانی وتن، به‌ڵام ئه‌و له‌زۆربه‌ی چالاكی‌و فیستیڤاڵه‌كان به‌شدارییه‌كی كارای هه‌بووه.
(تیپی موزیكی خانزادی كچان) تاكه تیپ بو كه هه‌موو ژانیارهكانو گۆرانی بێژه‌كانی ته‌نیا ئافره‌ت بون كاتێ له‌به‌غدا فیستیڤاڵكی هونه‌ری گۆرانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق ساز ده‌كرێت زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق به‌شدار ده‌بن تیپی موزیكی خانزاد بووه جێگای سه‌رسوڕمانی ئاماده‌بووان‌و سه‌رپه‌رشتیارانی فیستیڤاڵه‌كه، هه‌ربۆیه ده‌ست خۆشییه‌كی زۆر ئاراسته‌ی سه‌رپه‌رشتیارو ئه‌ندامانی تیپه‌كه كرا.
له‌ساڵی 1982 تیپه‌كه به‌شداری (فیستڤاڵی دووه‌می هونه‌ری كوردی ـ هه‌ولێر) كرد كۆمه‌ڵێ گۆرانی له‌و فیستیڤاڵه پێشكه‌ش كرد، له‌ساڵی 1983 ،كۆمه‌ڵێك گۆرانیشی بۆ ته‌له‌فزیۆنی ئه‌وسا تۆماركرد، به‌مه‌ش تیپه‌كه ده‌نگ دانه‌وه‌یه‌كی زۆری لێكهوتهوه، زیاتر كوردستانیان بهتیپهكه ئاشنا بوون دوای ئه‌وه تیپه‌كه له چالاكی ھونه‌ری به‌رده‌وام بوو له‌زۆر به‌ی فیستڤاڵی هونه‌ری گۆرانی‌و موزیك به‌شداری كارای هه‌بوو وه به‌شداری چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كرد یه‌كێك له‌و به‌رنامانه به‌رنامه‌ی هه‌رجاره‌ی لهپارێزگایهك (سه‌ره ئه‌ربیلییه) له‌ته‌له‌فزیۆنی عێراق بوو چه‌ندین گۆرانی له‌و به‌رنامه‌یه پێشكه‌ش كران وه‌كو (هه‌ی مینه عه‌مرم مینه ، هۆپ زندانو هۆپ زندان، ده‌ك نه‌مینێم ئه‌له‌ززه، ئایشۆكی ده‌لالی دبلا وابی هه‌روابی ،وه‌زتازه‌ممه وه‌زتازه‌ممه، خان ئه‌میری) له‌گه‌ڵ گۆرانی په‌شیمانی له هۆنراوه‌ی شاعیره‌ی گه‌وره‌ی كوردی گۆران ئاوازی هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ووتنی كۆرس.
ئه‌وه‌ی راستی بێت من زۆر هه‌وڵمدا ئه‌ندامانی ئه‌و تیپه بدۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گفتۆگۆیه‌كی هونه‌رییان له‌گه‌ڵ ساز بده‌م باس و خواسی تیپه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌م، به‌داخه‌وه به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی زۆبه‌یان لههونهرهكه دووركه‌وتونه‌ته‌وه ،یان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ژیان دهگورزهێنن، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بهنهگونجا، به‌ڵام له‌رێگه‌ی مامۆستای هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د توانیم په‌یوه‌ندی به خاتوو (ناسكه عزه‌دین مه‌حیه‌دین) بكه‌م كه ئێستا مامۆستایه له‌یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر تاكه ئه‌ندامی ئه‌و تیپه‌یه تائێستا به‌رده‌وامه كه جگه له بواری موزیك و سروود له‌بواری دیزاینش ده‌ستێكی باڵای هه‌یه.
ناسكهخان پێراگه‌یاندم، كه ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندانی تیپ له‌ساڵی 1980 په‌یوه‌ندی به‌تیپی (خانزاد) كردوه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: به‌سه‌رپه‌ریشتی هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ئه‌م تیپه دامه‌زرا ئه‌و راهێنانو مه‌شقی پێكردین كۆمه‌ڵێ ژه‌نیاری به‌توانا له‌ژێر ده‌ستی ئه‌م كه‌ڵه هونه‌رمه‌نده پێگه‌یشت منیش وه‌كو ژنیاری فلوت به‌شدار بووم خۆشم ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی موسڵ به‌شی موزیكم لهكۆتییدا وتی: شانازیش ده‌كه‌م كه ئه‌ندامێكی كارای تیپی (خانزاد) بوم، به‌شداری سه‌رجه‌م چالاكیه‌كانم كردوه.
له‌و كاته‌ی لهساڵاكانی ههشتاییهكان شه‌ڕی نێوان عێراق‌و ئێران تا ده‌هات شه‌ڕه‌كه زۆر گهرمو خوێناوی تر ده‌بوو بۆیه هه‌موو شتێكی ده‌وڵه‌ت له‌خزمه‌ت ئه‌و شه‌ڕه بوو كاتیش داوا له‌و تیپه ده‌كرێت سرودو گۆرانی بۆ به‌عس و دكتاتۆره‌كه‌ی بڵێن مامۆستای هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حه‌مد واز له تیپه‌كه ده‌هێنێت له دوایی ئه‌و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك له‌و شوێنی ئه‌و دانرا وه‌كو هونه‌رمه‌ندی خوالێی خۆشبێت (شێرزاد عوزێری) به‌ڵام هیچ به‌رهه‌مێكی ئه‌وتۆیان نه‌بو، بۆیه تیپه‌كه‌ش دوای چالاكی وه‌ك پێویست نابێت.
ئه‌و فاكته‌ره‌ی وای له‌ئێمه‌مانان كردوه به‌و كورته باسه‌ئه‌م تیپه وه‌بیر ئێوه بهێنینه‌وه بۆ ئه‌و خزمه‌ته پڕشكۆییهی تیپی موزیكی خانزادی كچان بووه به تایبه‌تی هه‌وڵ و كۆششی مامۆستای ئازیزی هونه‌رمه‌ند (وریا ئه‌حمه‌د) كه‌له‌و بار‌و دۆخه‌دا خزمه‌تێكی به‌رچاوی هونه‌ری گۆرانی موزیكی كوردی بكات لێره ده‌ست خۆشی لێده‌كه‌م له‌هه‌مانكاتدا سوپاسی ده‌كه‌م بۆ پێیدانی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م تیپه پڕ به‌خشنده لێره‌شه‌وه سوپاسی خوشكی به‌رێزم (ناسكه) خان بۆ هاوكاری‌و پێدانی زانیاری بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته.