بەهۆی ئەوەی کە ڕێگری لە ناردنەخوارەوەی کەلوپەکانیان دەکرێت لە بازگاکەندا، کاسبکارانی دارەسوتاوەکەی سلێمانی گردبوونەوە و داوا دەکەن بە زوویی کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ، کاسبکارانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی شاری سلێمانی، بەهۆی ئەوەی لە بازگەکانی عێراق ڕێگرییان لێ دەکرێت کە کەلوپەلەکانیان بنێرنە شارەکانی خوارووی عێراق گردبوونەوە.
ئەو کەلوپەلانەی کە لە بازاڕی دارەسووتاوەکەوە ڕەوانەی شارەکانی خوارووی عێراق دەکرێت، کەرەستە و پێداویستی ناوماڵن بەڵام دەستی دوون یاخود بەکارهاتوون.
لەو بارەیەوە پشتیوان ئەحمەد، دووکاندار وتی: ئێمە کەلوپەلی کۆنە دەکڕین و دەیفڕۆشینەوە بە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام لە ١٨ـی مانگی ئادارەوە بازگەکان ناهێڵن و باج وەردەگرن، داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەین ڕێگەبدەن کە کەلوپەلەکانمان بچێتە خوارووی عێراق.
هەروەها ئەحمەد جەمال دووکاندارە و دەڵێت: بازگەکانی خوارووی عێراق نزیکەی مانگێکە ناهێڵن کەلوپەلەکانمان بنێرینە خوارووی عێراق، کریارە عەرەبەکان دەڵێن لە بازگەکان باجمان لێ وەردەگرن.
ڕۆژنیوز بۆ بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی باج وەرگرتن و ڕێگرییەکان هەوڵیدا خۆی بگەیەنێت بە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی عێراق، بەڵام هەوڵەکانی بێئەنجام بوون و هیچ بەرپرسێک ئامادەنەبوو هۆکارەکانی ئەو ڕێگرییە بخاتەڕوو.