بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک، ڕێوڕەسمی پرسە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە، کرایە ڕۆژێک و بڵاوکردنەوەی وێنەی مردوو و ڕێوڕەسمەکەش بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
ئاوێنە: بە پێی فەرمانێکی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی بارگرانیی لەسەر ئەستۆی هاووڵاتییان، ڕێوڕەسمی پرسە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە کرایە تەنها ڕۆژێک.
ئاماژە بەوەكراوە كە لە فەرمانەکەدا بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی مردوو و ڕێوڕەسمی پرسە لە لایەن هەژمار و پەڕە (ئەکاونت و پەیج)ـی هۆزەکانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە.
هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک، باسی لەوەش کردووە، بڕیارەکە دوای دانوستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی مانگی ڕەمەزانی ڕابردوو و لەسەر داوای زۆرینەی هاووڵاتییانی پارێزگاکە، دەرکراوە.
فەرمانەکە ڕۆژی 14-04-2025، دەرچووە، ئیمزای ناسح محەممەد عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی بە وەکالەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆکی لەسەرە و لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێ دەکرێت.