كەمێك لەمەوبەر گەڕی دوەمی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕەسمی دەستی پێكرد.
ئاوێنە: لە گەڕی دوەمی دانوستانەكاندا، هاوشێوەی گەڕی یەكەم، ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەمریكی و هەروەها عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆكایەتی تیمی وڵاتەكەی دەكات.
دانوستانەكان لە شوێنی نیشتەجێبونی باڵیۆزی عومان لە رۆما بەنێوەندگیری بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بەڕێوەدەچن.
بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكان، عەباس عراقچی لە رۆما لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كۆبوەوە. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆبونەوەكەدا عراقچی رایگەیاندوە، ئێران ئامادەیە ئەم دەرفەتە بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێكی لۆژیكی بقۆزێتەوە كە تێیدا رەچاوی مافەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بكرێت لەگەڵ هەڵگرتنی سزاكانی سەری، ئەوەش لەڕێگەی رەواندنەوەی هەر جۆرە گومانێك لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
هاوكات وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەبارەی كۆبونەوەكە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتی، رۆما دەبێتە پایتەختی ئاشتی و گفتوگۆ. هانی وەزیری دەرەوەی ئێرانم دا بۆ گرتنەبەری رێگەی دانوستانی دژبە چەكی ئەتۆمی. حكومەتی ئیتاڵیا ئومێدەوارە هەموان پێكەوە بگەنە چارەسەرێكی ئەرێنی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەبارەی دانوستانەكان، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران هەفتەی رابردو رایگەیاند كە نە زۆر گەشبینە و نە زۆر رەشبینە بەرامبەر دانوستانەكان.
هەروەها دوێنێ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان جەختی كردەوە كە نایەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و دەیەوێت ئێران وڵاتێكی مەزن و پێشكەوتو بێت.