ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی خولی دوەمی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا كە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، دەڵێت، ئاشتی بەردەوام لە گفتوگۆی راستگۆیانەوە لەدایك دەبێت، نەك بە سەپاندنی هێز.
ئاوێنە: ئیسماعیل بەقایی، كە هاوكات ئەندامی وەفدی دانوستانكاری ئێرانە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، وتوشیەتی، ئەمڕۆ شەممە، لە شاری مێژویی رۆما، خولی دوەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بە نێوەندگیری بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، بەڕێوەدەچێت.
وتوشیەتی، كۆماری ئیسلامی ئێران، هەمیشە بە نیازپاكی و هەستی بەرپرسیارانەوە، پابەندبونی خۆی بە دیپلۆماسییەتەوە وەك شێوازێكی شارستانیانە بۆ چارەسەركردنی پرسەكان، بە رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی ئێران، نیشانداوە.
وتوشیەتی، هاوكات دەزانین كە رێگەی بەردەممان تەخت نییە. ئێمە بە چاوی كراوەو كۆڵێك لە ئەزمونی رابردوەوە، هەنگاو دەنێین.
رۆژی شەممەی رابردو 12ی نیسان، خولی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچو و دوای ئەوە هەردولا رایانگەیاند كە دانوستانەكان ئەرێنی و بونیادنەر بون.