هۆشیار زێباری، سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری پارتی رایگەیاند، كۆبونەوەكانی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەباشی بەڕێوەدەچن و لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانیش چونەتە نێو وردەكارییەكان.
ئاوێنە: هۆشیار زێباری، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، كۆبونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بە باشی بەڕێوەدەچن. دوێنێ كۆبونەوەیەكی گرنگمان لە سەڵاحەدین كرد، ئەمڕۆش تیمی ئێمە هەمو هاتوەتە سلێمانی و سبەی كۆدەبینەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ برادەرانی یەكێتی وەرەقەی سیاسی و بەرنامەی حكومەتمان تەواو كردوە، داخڵی تەفاسیل بوین لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت و سەرۆكایەتییەكان.
جەختیشی كردەوە، پڕۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئومێدەوارین بەزوترین كات بتوانین حكومەتی هەرێم رابگەیەنین.