قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەردەوام دەبن و گەشبینین لە نزیكترین دەرفەتدا هەردولا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ هەینی، لە كۆبونەوەیەكیدا هاتون لەگەڵ نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگری یۆنان لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و چۆنییەتی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کرا، هەردولا هاوڕابون کە پێویستە ئاستی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری زیاتر بکرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنانیش، جەختکرایەوە لەسەر "پێویستیی بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردولا، بە تایبەتیش لە پرسی بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا."
ئاماژە بەوەشدراوە، لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران وتی، هەنگاوی زۆر باش نراوە و بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هەیە، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەردەوام دەبن و گەشبینین لە نزیکترین دەرفەتدا هەردو لایەن بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.