عەلی شەمخانی، راوێژكاری رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان بەدەسەڵاتی تەواوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بەرەو عومان بەڕێكەوت.
ئاوێنە: عەلی شەمخانی، راوێژكاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، كەمێك لەمەوبەر لە هەژماری خۆی لە ئێكس، ئاشكرایكرد، وەزیری دەرەوەی ئێران بە دەسەڵاتی تەواوەوە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا بەرەو عومان بەڕێكەوت.
عەلی شەمخانی وتوشیەتی، تاران، دور لە نمایش و قسەكردنی بەر كامێرا، هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێكی راستەقینەو عادیلانە دەدات، پێشنیاری گرنگ و شیاوی جێبەجێكردن ئامادەن، ئەگەر واشنتۆن بەڕاستگۆیی و خواست بۆ رێككەوتنەوە بێتە پێشەوە، ئەوا رێگەی گەیشتن بە رێككەوتن، رون و هەموار دەبێت.
هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێمە بە نیازپاكی و هۆشیاری تەواوە دەرفەتێكی راستەقینە دەدەینە دیپلۆماسییەت، ئەمریكا دەبێت پێزانینی بۆ ئەم بڕیارەی تاران هەبێت كە وێڕای هەڕەشەی دوژمنكارانەی ئەوان دراوە.
بەقایی لەبارەی دانوستانەكانی سبەینێ، وتویەتی، ئێمە نە پێشداوەری دەكەین و نە پێشبینی. ئێمە دەمانەوێت رۆژی شەممە نیاز و جدیبونی ئەمریكا هەڵبسەنگێنین و بەگوێرەی ئەوە جوڵەكانی دواترمان رێكبخەین.
دوێنێ پێنجشەممە، ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەمیانی كۆبونەوەی كابینەی ئیدارەی ترەمپ، رایگەیاند، خوازیارین دانوستانەكانی شەممە ببنە مایەی ئاشتی، ئێمە تەواو بەڕونی لەوبارەیەوە وتومانە، بەهیچ شێوەیەك نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، پێموایە ئەمەش هۆكاری كۆبونەوەكەی شەممەیە.
لای خۆیشییەوە تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەر دوێنێ وتی، كۆبونەوەكەی رۆژی شەممە، دیاری دەكات كە ئاخۆ تاران جددیە یاخود نا.
تامی بروس لەوەڵامی ئەوەی كە ئایا كۆبونەوەكەی رۆژی شەممە، كۆبونەوەی دیكەی بەدوادادێت، وتی، پێموایە ئەوەی رۆژی شەممە رودەدات دیاری دەكات كە كۆبونەوەی دیكە دەكرێت یان نا. لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ ئەم كۆبونەوەیە كراوە. ئەوە بەشێك نییە لە پلان یاخود چوارچێوەیەكی كاری فراوانتر. كۆبونەوەیەكە بۆ دیاریكردنی رادەی جدیبونی ئێرانییەكان.