"ئێران پێشنیاری رێككەوتنێكی كاتی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەكات"
  2025-04-11       422       

بەگوێرەی پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی، ئێران دەیەوێت لە گفتوگۆكانی رۆژی شەممەی داهاتودا لەگەڵ ئەمریكا، تاوتوێی پێشنیاری رێككەوتنێكی كاتی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بكرێت بەرلە درێژەدان بە دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر.

ئاوێنە: پێگەی ئەكسیۆس لە زاری دیپلۆماتكارێكی ئەوروپی و سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، ئێرانییەكان پێیانوایە كە گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەماوەی دو مانگدا، كارێكی ئاڵۆز و زۆر تەكنیكییەو ئەوەی كۆشكی سپی دەیەوێت كارێكی ناواقیعییەو ئێرانییەكان دەیانەوێت كاتێكی زیاتر لەبەردەستدا هەبێت بۆ دوركەوتنەوە لە گرژی.

عەلی فایز، بەڕێوەبەری پڕۆژی ئێران لە كۆمەڵەی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاندوە، ئێرانییەكان پێیانوایە گەیشتن بە رێككەوتنێكی هەمیشەیی، كارێكی لواو نییە لەو چوارچێوەی كاتییەی كە ترەمپ دیاری كردوە، بۆیە پێویستە چاو لە رێككەوتنێكی كاتی ببڕدرێت وەك وێستگەیەك بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی.

پێگەی ئەكسیۆس هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پێدەچێت پێشنیاری رێككەوتنە كاتییەكە، درێژكردنەوەی میكانیزمێك بێت كە بەشێك بو لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پێشنیاری رێككەوتنە كاتییەكە هەروەها داخوازی ئێران لەخۆدەگرێت بۆ هەڵپەساردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" لەسەر ئابوریی ئێران كە واشنتۆن گرتویەتییە بەر.

هەروەك بەگوێرەی ئەكسیۆس، پێشنیارەكە هەڵپەساردنی چالاكی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە لە خۆدەگرێت لەگەڵ دابەزاندنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی كۆگاكراو بەڕێژەی لەسەدا 60 و هەروەها رێگەدان بە پشكنەرەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بە زیاتر دەستكراوەیی لە دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×