دوای ئەوەی وا بڵاوكرایەوە كە سبەی پێنجشەممە، هەریەکە لە بانکە حكومییەكانی ڕافیدەین و ڕەشید بە مەبەستی "تەوتین"ی موچەی زۆنی سەوز لقی فەرمیان لە شاری سلێمانی دەکەنەوە، بەڵام پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ئەوەی دەكرێتەوە "ناوەندێکی نێودەوڵەتی دەبێت بۆ کاری بازرگانی و دارایی، بەبێ ئەوەی کردنەوەی لقی ئەو بانکانە پشتڕاست بکاتەوە.
ئاوێنە: دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو بانکەی دەکرێتەوە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانییە. ئەم شوێنە یەکەم جارە بەم شێوازە و بەم ناوەڕۆک و پسپۆڕییە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە."
وتیشی"هەمو بانکەکان و بۆرسەکان و هەمو بوارەکانی وەبەرهێنان و دارایی و بازرگانی دەتوانن بەش و لق لەم بانکە بکەنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە بۆ کردنەوەی لق بەپێی یاساکانی فیدڕاڵ و هەرێم دیاری کراون."