لەستایشی "گێچەڵی سێکسی"دا
  2025-02-19       6183       
رێناز تۆفیق

سەردار محەمەد

 

لەکوردستان بەدەگمەن ژنێک جورئەتی ئەوە دەکات بەدەنگی بەرزو بەڕاشکاوی بڵێ: "هەوڵی لاقەکردنم دراوە"!

وەک ئەوەی "رێناز تۆفیق" چەند رۆژێک لەمەوبەر درکاندی.

بەڵام ئەم جورئەتی وتن‌و درکاندنە، لەبری ئەوەی ببێتە مایەی دەستەبەرکردنی پشتیوانی بۆ هەموو قوربانییەکی گێچەڵی سێکسی لەکوردستاندا (کە دیاردەیەکی زۆر بەربڵاوەو بەشاراوەیی ئەنجامدەدرێ)، ماشێنێکی گەورەی سوکایەتی پێکردن لەدژی خرایە گەڕ! لەبەشێک لەمیدیای ناپیشەیی‌و لەسۆشیال میدیادا.

تەنانەت کار گەیشت بەوەی بەشێک لەوانەی خۆیان بەرەخنەگری سەرسەختی دەسەڵاتی کوردی دەزانن، ستایشی لاقەکارو سەرکۆنەی قوربانییان کرد! لەبەرئەوەی رێناز، راوێژکاریی سەرۆکی حکومەت‌و مانگانە ٦ ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت!!

وەک ئەوەی ئەوە تەنها رێناز بێت کە مانگی ٦ ملیۆن دینار لەبەرامبەر (هیچ)دا وەربگرێ!

لەکاتێکدا سەدان پیاو لەم هەرێمەدا هەن تواناو کارامەییان هەر لەئاستی رێنازو کەمتریشدایە، هەمان مووچەو پلەو پۆست‌و ئیمتیازی زیاتریشیان پێدراوەو کەس ناویشیان ناهێنێت.

هەر لەڕاستیشدا، ٩٥٪ی ئەوانەی لەکوردستاندا خەریکی حزبایەتی‌و سیاسەتن کەسانی "گەمژە"و مشەخۆرو ساختەچین، هەر لەڕاوێژکارو پەرلەمانتارو کادێری باڵای حزبییەوە بگرە تا دەگات بەوەزیرو گزیرو سەرۆکی حزبیش.

"راوێژکاربوون‌و وەرگرتنی مووچەی قەبەو بەلاش" لەکوردستاندا بابەتێکەو "گێچەڵی سێکسی" بابەتێکی دیکە، پێویست ناکات ئەویان بکرێت بەپاساو بۆ ئەمیان‌و شەرعیەت بەدەستدرێژییکردنە سەر ژنێک‌و هەوڵی لاقەکردنی بدرێت!

پێویست ناکات خاڵی کرۆک‌و بنەڕەتی بابەتەکە، کە "گێچەڵی سێکسییە"، لەژاوەژاوی "راوێژکاریی‌و مووچەی ٦ ملیۆن دینار"یدا بشاردرێتەوەو ون بکرێت.

هەموو ئەوانەی کە ئاو دەکەن بەئاشی تۆمەتبارکردنی قوربانیداو بەشایستەی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی دەزانن، پێبزانن‌ یان نەزانن خزمەت بە"توندوتیژیی سێکسی"و بەشداری لەپاساوهێنانەوەو پشتگیریکردنی دەستدرێژکارو ستایشی "گێچەڵی سێکسی" دەکەن! لەکاتێکدا ئەمە دیاردەیەکە لەهەموو کات‌و شوێنێکدا، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی پێویستی بەڕێگریی‌و بەرەنگاربوونەوەیە.

بڕەودان بەمجۆرە تێڕوانین‌و بیرکردنەوە زیانبەخشە لەڕای گشتیدا، ئەو باوەڕە لەمێشکی قوربانییەکانی گێچەڵی سێکسی ئێستاو داهاتووی کوردستاندا دەچەسپێنێت، کە پێویستە لەبەرامبەر دزێوترین کردەوەی نامرۆیی‌و بێ ئەخلاقیدا دەرهەقیان دەکرێت، تەواو بێدەنگ بن‌و جورئەت نەکەن جارێکیتر چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە، بۆ ئەوەی تۆمەتبارو تاوانبار نەکرێن!

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×