مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایدەگەیەنێت، رەفتارەكانی ئەمڕۆی هێزەكانی سوپای عێراق بەرامبەر بە جوتیارانی كورد لە سنوری كەركوك، "رەفتارێكی شۆڤینیانەیە" و داواش لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، رێگری لە دوبارەبونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیربكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمشەو دوشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"دیمەنی ئازاردانی جوتیارانی كوردو ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جوتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەدەی پێشو بەبیردەهێنێتەوە."
وتوشیەتی"ئەمە ڕەفتارێكی شۆڤینیانەو بێویژدانانەو تاوانە لەدژی جوتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركوك دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن."
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە "داوا لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم ڕێگری لە دوبارەبونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیربكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن."
سەرۆكی پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە جوتیارانی كورد "تەنیاو بێ پشت و پەنا نین و بەهەمو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین."
دەقی پەیامەكە:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
دیمەنی ئازاردانی جوتیارانی كوردو ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جوتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەدەی پێشو بەبیردەهێنێتەوە. ئەمە ڕەفتارێكی شۆڤینیانەو بێویژدانانەو تاوانە لەدژی جوتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركوك دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن.
لێرەدا داوا لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم ڕێگری لە دوبارەبونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیربكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
دەستخۆشیش لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لەبەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بونەو با باش بزانن كە ئەوان تەنیاو بێ پشت و پەنا نین و بەهەمو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین.
مەسعود بارزانی
17ی شوباتی 2025