جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئاسایشی ئێمەیە
  2025-02-17       475       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم رایگەیاند، لەچوارچێوی ئەو میكانیزمەی كە دانراوە هەرێمی كوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. جێگیری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاسایشی ئێمەیەو دەبێت دەست بدەینە دەستی یەكتری و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن بتوانین چارەسەریان بكەین.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مه‌جید ته‌خت ڕه‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندی یاوەری كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، لە كۆبونەوەكەدا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەندییەكانی كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له‌و بوارانه‌دا كرده‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌ردولا گرنگن، به‌تايبه‌تى بوارى ئابورى. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى به‌ڕێوه‌چونى ڕێككه‌وتنى عێراق و ئێران بۆ پاراستنى ئاسايشى سنوره‌كان و ڕۆڵ و هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌يه‌وه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.

لە دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش، نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا وتی"جەخت لە گرنگيی پەیوەندیی مێژوییمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەینەوە كە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژوەندیی هاوبەش دامەزراوە. كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هاوبەشێكی گرنگ بوە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەكانیان لە قۆناغە جیاجیاكاندا دەردەبڕین و سوپاسیان دەكەین."

سەرۆكی هەرێم وتیشی"ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە كە پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچه‌كه،‌ زۆر پێويست و گرنگە‌. عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ به‌تايبه‌تى كۆمارى ئيسلامى بنیات بنێن لەسەر بنەمای ڕێز و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و هاوکاری لە هەمو بوارەکاندا."

هەروەها ئەوەشی وت"جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ينه‌وە لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوكاریی هاوبەش لە هەمو بوارە جیاجیاكاندا، لە بواری ئابوری و بازرگانی و فەرهەنگی و لە بواری ئەمنیدا."

نێچیرڤان بارزانی وتیشی"دوپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەكە و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران".

سەرۆكی هەرێم لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا "لەم دیدارەدا جەختمان كردۆتەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابوری لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا و دوپاتمان كردوه‌تەوە لە پابەندبونی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو میكانيزمەی كە دانراوە لەڕوی ئەمنییەوە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەك عێراق بەتایبەتی هەرێمی كوردستان نەبێتە سەرچاوەیەكی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. دوبارە زۆر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكەین كە ئەمە یەكەم جاریەتی تەشریف دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر بە خێر بێيت بە سەر چاو."

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی"ئەمڕۆ گفتوگۆی باشمان هەبو لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و ئێستاش لە خزمەت نێچیرڤان بارزانى ـ دام و زۆر سوپاسی پێشوازیكردنی گەرمی ئەوان لە ئێمە دەكەین."

وتیشی"زۆر بواری باش ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر كرد وەك دو وڵات، وڵاتانی دراوسێ عێراق و ئێران، هەروەك ڕامگەیاند، هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا بە هەمان شێوە هاوبەشییەكی زۆری كولتوری، ئایینی، زمانی، مێژویی و شارستانیمان هەیە و هەمو ئەوانە هاوكاریمان دەكەن كە پەیوەندییەكانمان زیاتر لە جاران بەهێز بكەین، لە زۆر بواری جیاوازدا هاوكاریمان هەیە بەتایبەت لە بواری ئابوری و زۆر كاری دیكە دەتوانین ئەنجامی بدەین."

ئاماژەی بەوەشدا"ئەمڕۆ لە گفتوگۆكانماندا لە هەولێر، بەتایبەتى باسمان لە پرسی ئابوری لەگەڵ وڵاتی دراوسێ كرد، هەروەها بە شێوەیەكی سروشتی ئێمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا كارەكانمان بەردەوام دەبێت لە بواری گەشتیاری و ئەزمونی كار لەنێوان هەردو حكومەتدا. بواری زۆر باش هەیە كە دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی گەلانی هەردولا."

ئەوەشی خستەڕو"هەروەها بابەتی ئاسایشیش یەكێك لەو بابەتانە بو كە گفتوگۆمان لەسەر كردوە و بەدواداچونی بۆ دەكەین و پێمانوایە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق ئاسایشی ئێمەیە و دەبێت دەست بدەینە دەستی یەكتری و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەیە بتوانین چارەسەری بكەین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×