وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، دوێنێ دووشەممە، سەرۆک کۆماری عێراق واژووی لەسەر هەمواری یاسای بودجە کرد و لەئێستادا هەموو رێکارە یاساییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت تەواوبوون، ئەوەی ماوە، پێویستە لایەنی تورکیش ئامادەبێت.
ئاوێنە: کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "ئێمە لە لایەنی هونەرییەوە هیچ کێشەیەکمان نییە و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی مانگی سێ و رەنگە پێشتریش، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە".
کەمال محەمەد، کە هاوکات وەزیری کارەبا-شە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبا لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.