نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هیوادارین گوێبیستی پەیامی ئاشتی بین لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوەو پەكەكەش پێشوازی لە پەیامەكە بكات.
ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە میونشنەوە، وتی، وەفدی پارتی و یەكێتی لە گفتوگۆیەكی جددیدان بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێمە گەشبینین كە لە ماوەیەكی نزیكدا بگەینە رێككەوتن.
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی سەردانی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی بۆ هەولێر وتی، "سبەینێ دیدارم لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی دەبێت. وەفدەكە بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هاتون بۆ هەولێر و لەوێشەوە دەچنە سلێمانی. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین بزانین پەیامەكە چییە و پێشبینی ئەوە دەكەین پەیامی ئاشتی و سەقامگیری بێت بۆ توركیاو و پەیامەكەش زیاتر بۆ پەكەكە دەبێت."
وتیشی"هیوادارین گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بین لەلایەن ئۆجەلانەوەو هیوادارین پەكەكەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی ئۆجەلان بكات."
سەرۆكی هەرێم لەبارەی كۆبونەوەكانی لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتی، کۆبونەوەیەکی باشمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەبو، باسمان لەو شتە هاوبەشانە کرد کە لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە و بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکامان کرد بۆ ئەوەی بێتە عێراق و لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر بەشدار بێت.
لەبارەی سوریاشەوە وتی، ئێمە لە سوریا فاکتەری سەقامگیری دەبین و داوا لە برا کوردەکانمان دەکەین خۆیان بە خاوەنی سوریای نوێ بزانن.
وتیشی، زۆر بیری قامشلۆ و دیمەشق دەکەین و هیوادارم رۆژێک بێت سەردانی قامشلۆ، حەلەب و عەفرینیش بکەم
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی پرۆسەی ئاشتیمان کردوە و هەست دەکەم تورکیا زۆر بەجیدی هەوڵدەدات ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات.
وتیشی، پێویستە ئەم کێشەیە لە روی سیاسییەوە بە ئاشتی چارەسەر بکرێت.
بە قسەی نێچیرڤان بارزانی کاری لەپێشینەی ئەوان لە سوریا ئەوە بوە چۆن برایانیان لەوێ بپارێزن و تیشی"لەوەدا سەرکەوتو بوین وە تورکیاش لەوەدا یارمەتیدەر بوە."
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، هەڕەشەی داعش بەردەوامە و پێمانوایە هێشتا عێراق پێویستی بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیەو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت یارمەتیی سەقامگیریی عێراق بدرێت.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختی كردەوە كە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و وەکو یەک تیم کار دەکەین.