بارەگای بارزانی رایگەیاند "شاندی ئیمرالی لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوەو پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان پێگەیاند".
ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پیرمام پێشوازی لەشاندی ئیمراڵی کرد. بارەگای بارزانی لەڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت "شاندەکە نێوەڕۆکی پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بەسەرۆک بارزانی گەیاند و ئەویش ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی راگەیاند."
دەشڵێت "لە دیدارەكەدا شاندی ئیمراڵی، بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. سەرۆک بارزانی جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوەو بەپێویستی زانی هەموو لایەک هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام".
هاوکات دەم پارتی سەبارەت بەکۆبوونەوەکە رایگەیاند "شاندێک کە پێکهاتبوو لەئەندامانی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، پەرڤین بولدان، سری سورەیا ئۆندەر، هاوسەرۆکی دەبەپە، کەسکین بایندر، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاران گولجان کاچماز سەیغیت و مەهمەت کاماچ لەکۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون. کە لەنوسینگەی بارزانی لەپیرمام ئەنجامدرا، کۆبوونەوەکە ماوەی کاتژمێرێکو ٤٥ خولەکی خایاند، ئەم کۆبوونەوەیە لەچوارچێوەی ئەو سەردانانەدا ئەنجامدرا کە شاندی ئیمرالی دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیپێکردووە. لەمیانی دیدارەکەدا شاندی ئیمرالی بەشێوەیەکی سەرەکی زانیارییان سەبارەت بەگفتوگۆکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان خستەڕوو، بۆچوونو پێشنیارو بیروڕاکانی بارزانییان سەبارەت بەپرۆسەکە وەرگرت".
سبەی شاندەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوەو دواتر دەچنە سلێمانی و لەگەڵ بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.