تەرمی شەهیدێكی هێرشە درۆنییەكەی چوارقوڕنە بەرەو بنای قەندیل بەڕێكرا
  2025-02-14       429       

ئەمڕۆ هەینی، تەرمی رۆژنامەنوس عەزیز كۆیلوئۆغلۆ، كە لە هێرشە درۆنییەكەی 27ی مانگی رابردودا لە سنوری چوارقوڕنە شەهیدبو، بەرەو بنای قەندیل بەڕێكرا بەمەبەستی بە خاكسپاردنی.

ئاوێنە: میدیای نزیك لە پەكەكە بڵاویكردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمێكدا لە ناوچەی "دەرەكۆتر"ی سەربە ناحیەی سەنگەسەری ئیدارەی ڕاپەڕینەوە، تەرمی شەهید عەزیز كۆیلوئۆغلو بەرەو بناری قەندیل بەڕێكرا.

بڕیارە تەرمی شەهید عەزیز لە سەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی شەهیدان لە بناری قەندیل بە خاك بسپێردرێت.

پاشنیوەڕۆی رۆژی 27ی مانگی رابردو، درۆنی توركیا لەسەر رێگای سەرەكی گوندی گردجان لە ناحیەی چوارقوڕنە، ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و لە ئاكامدا چوار كەس شەهیدبون.

رۆژی 8ی ئەم مانگە کۆردیناسیۆنی یەکێتیی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک-یەرەدە، ناسنامەی یەكێك لە شەهیدانی ئەو بۆردومانەی ئاشكراكردو لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە هێرشی 27ـی کانونی دوەمی چوارقوڕنەدا کە تورکیا ئەنجامی دا، هاوڕێی رۆژنامەنوسمان "عەزیز کۆیلوئۆغلو” شەهید بو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×