مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بانگەوازێك ئاڕاستەی مامۆستایانی ئایینی دەكەن
  2025-02-07       273       

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەكات، ئەمڕۆ لە وتاری هەینیدا پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتوان دەرببڕن لەگەڵ پشتیوانی بۆ ئەو خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەممە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سەرجەم شارو شارۆچكەكانەوە دەیبەنە هەولێر.

ئاوێنە: ئەنجومەنەكە لە بانگەوازێكدا بۆ مامۆستایانی ئایینی وتویەتی، بڕیارمانداوە ڕۆژی یەکشەممە 9/ 2/ 2025 ئێمە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە؛ بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ مانگرتوەکانمان، بەرەو هەولێر (کە چەقی بڕیاردانە) بەڕێ بکەوین، تا دەسەڵات لەنزیکەوە دەنگ و ناڕەزایەتی هاوڕێ مانگرتوەکانمان و چینوتوێژە جیاوازە بەشمەینەتەکان، ببینێت و ببیستێت، بۆیە داواتان لێدەکەین، بەرامبەر بەم هەمو نادادیی و چەوسانەوە و شکۆشکاندنەی دەسەڵاتداران، هاوشانی مامۆستایان بێنەدەنگ.

وتوشیەتی، داواتان لێدەکەین:

1ـ لە وتاری ڕۆژی هەینیدا پشتیوانی خۆتان بۆ مانگرتوانی خێمەی شکۆ دەرببڕن و لە خەڵک بگەینن، ئەم قوربانیدانە بۆ هەموانە.

2ـ لە وتارەکەدا پشتیوانی خۆتان بۆ:

ٲـ خۆپیشاندنی ڕۆژی هەینی کاتژمێر (2) دەرببڕن، کە لە (پارکی مەلیک مەحمود)ەوە بەرەو خێمەی مانگرتوان دەڕۆین.

ب ـ ئەو خۆپیشاندانە دەرببڕن، کە ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ مانگرتوان دەڕۆین بەرەو هەولێر، داوا لە خەڵک بکەن بەشداربێت لەگەڵمان.

ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داواشی لێكردون، دەکرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆتاندا، ئەزیەت بکێشن و پێشوەخت بانگەوازی خۆپیشاندانەکان بڵاوبکەنەوە، بۆئەوەی خۆتان و زۆرترین کەس بەشداربێت لەم جیهادە مەدەنییەدا.

لە كۆتاییشدا وتویەتی، ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی مامۆستایان ڕێچکەیەکی گرتوە، کە لەپێناو شکۆ و بژێوی هەمواندا بێت؛ خوانەخواستە بەبێ دەستکەوت و بەلاوازی کۆتایی پێبێت، هەمومان باجەکەی ئەدەین و وەک چەند ساڵی ڕابردو شەقام و هەڵوێست ئەمرێت و دەسەڵاتیش دەیان هێندەی دیکە، ملهوڕتر ئەبێت.

دەقی بانگەوازەكە:

بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ

وَلَا تَلْبِسُوا الْحَقَّ بِالْبَاطِلِ وَتَكْتُمُوا الْحَقَّ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ (42) البقرە.

وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّن كَتَمَ شَهَادَةً عِندَهُ مِنَ اللَّهِ ۗ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ (140) البقرە.

بەڕێزان: مامۆستایان و زانایانی ئایینی

وەک ئاگادارن ماوەی 10 ساڵە، بەهۆی ئەو هەمو ستەم و برسیکردن و بێباکییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرامبەر سەرجەم موچەخۆران و چینوتوێژەکان پەیڕەوی دەکات؛ مامۆستایان ساڵانە پەنایان بردوەتە بەر بایکۆتی ناچاری دەوام و لە شەقامدا، بە گەرما و سەرما و بەفر و باران، خۆپیشاندانی مەدەنی و هێمنانەیان ئەنجامداوە؛ لە دواهەمین هەنگاو و کارتی فشاری ناڕەزایەتیدا؛ (13) هاوڕێمان لە شاخی گۆیژەی کانگای سەرمابردەڵەیی؛ ماوەی (10) ڕۆژە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتوە؛ بەو ئومێدەی دەسەڵاتی ملهوڕ و بێباک، سۆز و ویژدانیان بجوڵێت و بەدەم داواکارییەکانی هەمومانەوە بێن و لەم مەینەتی و برسیکردن و بێکەرامەتیکردنەی بۆیان خولقاندوین، بەیەکجاری ڕزگارمان ببێت؛ بەڵام بەداخەوە ئەم دەسەڵاتدارانە وەک ئەوەی لەو پێڕە بن کە ئایەتی "خَتَمَ اللَّهُ عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ وَعَلَىٰ سَمْعِهِمْ ۖ وَعَلَىٰ أَبْصَارِهِمْ غِشَاوَةٌ ۖ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ." دەیانگرێتەوە؛ نەک خەباتی مەدەنیی، بگرە بەرەو مەرگچونی ئازیزانمان نایانهەژێنێت و لە خەوی پڕغەفڵەتی تاڵانکاریی و لەزەتبردن لە ئازاردانی میللەت و موچەخۆران، بەئاگا نایەن.

بەو هۆیەوە بڕیارمانداوە، ڕۆژی یەکشەممە 9/ 2/ 2025 ئێمە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە؛ بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ مانگرتوەکانمان، بەرەو هەولێر (کە چەقی بڕیاردانە) بەڕێ بکەوین، تا دەسەڵات لەنزیکەوە دەنگ و ناڕەزایەتی هاوڕێ مانگرتوەکانمان و چینوتوێژە جیاوازە بەشمەینەتەکان، ببینێت و ببیستێت.

بۆیە داواتان لێدەکەین لەژێر ڕۆشنایی ئەم فەرمودە پیرۆزەی پێغەمبەری ئازیزمان (صَلّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّم): «أفضل الجهاد كلمة حق عند سُلْطَانٍ جَائِر»، بەرامبەر بەم هەمو نادادیی و چەوسانەوە و شکۆشکاندنەی دەسەڵاتداران، هاوشانی مامۆستایان بێنەدەنگ، بۆ ئەم مەبەستەش داواتان لێدەکەین:

1ـ لە وتاری ڕۆژی هەینیدا پشتیوانی خۆتان بۆ مانگرتوانی خێمەی شکۆ دەرببڕن و لە خەڵک بگەینن، ئەم قوربانیدانە بۆ هەموانە.

2ـ لە وتارەکەدا پشتیوانی خۆتان بۆ:

ٲـ خۆپیشاندنی ڕۆژی هەینی کاتژمێر (2) دەرببڕن، کە لە (پارکی مەلیک مەحمود)ەوە بەرەو خێمەی مانگرتوان دەڕۆین.

ب ـ ئەو خۆپیشاندانە دەرببڕن، کە ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ مانگرتوان دەڕۆین بەرەو هەولێر، داوا لە خەڵک بکەن بەشداربێت لەگەڵمان.

تەنانەت دەکرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆتاندا، ئەزیەت بکێشن و پێشوەخت بانگەوازی خۆپیشاندانەکان بڵاوبکەنەوە، بۆئەوەی خۆتان و زۆرترین کەس بەشداربێت لەم جیهادە مەدەنییەدا.

مامۆستایانی ئازیز دڵنیاتان دەکەین، ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی مامۆستایان ڕێچکەیەکی گرتوە، کە لەپێناو شکۆ و بژێوی هەمواندا بێت؛ خوانەخواستە بەبێ دەستکەوت و بەلاوازی کۆتایی پێبێت، هەمومان باجەکەی ئەدەین و وەک چەند ساڵی ڕابردو شەقام و هەڵوێست ئەمرێت و دەسەڵاتیش دەیان هێندەی دیکە، ملهوڕتر ئەبێت.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×