توێژەرێكی ئابووری عێراق بڵاوی كردەوە، (چیتر غازی ئێران بۆ عێراق نەما) ترەمپ بەڵێنی دا و هەڕەشەكەی جێبەجێ كرد، چاوەڕوان دەكرێت لە هەر كاتێكدا بێت سزای ڕاستەوخۆ بەسەر ئەو لایەنە عێراقیانەدا بسەپێنێت، كە بەشدارن لە قاچاخچێتی نەوتی ئێرانی و دۆلاری عێراق.
ئاوێنە: زیاد هاشمی توێژەری ئابووری عێراقی و ڕاوێژكار لە بواری ئابووری گواستنەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سزادانی چەند لایەنێكی عێراقی بە هۆی قاچاخچێتی نەوت و دۆلار بۆ ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) ڕاگەیاندراوەیەكی بڵاوكردەوە.
زیاد هاشمی دەڵێت، ترەمپ بەڵێنی دا و هەڕەشەكەی جێبەجێ كرد، چاوەڕوان دەكرێت لە هەر كاتێكدا بێت سزای ڕاستەوخۆ بەسەر ئەو لایەنە عێراقیانەدا بسەپێنێت، كە بەشدارن لە قاچاخچێتی نەوتی ئێرانی و دۆلاری عێراقی.
باسی لەوەشكرد، ئەم قەدەغەكردنە لە چوارچێوەی واژۆكردنی یاداشتێكی ترەمپدا هات، كە سزای ئابووری توندی بەسەر ئێراندا سەپاند و ڕێگری لێدەكات وزە هەناردەی دەرەوە بكات، ئیتر نەوت، غاز یان كارەبا بێت.
ئاماژەشی بەوەشكرد، هەرچەندە ئەم گەمارۆیانە ئاڕاستەی ئێرانە، بەڵام عێراق یەكەم وڵاتە كە لەئەنجامی وابەستەیی زۆر و پشتبەستنی بە غاز و كارەبای ئێرانی، زەرەرمەند دەبێت.
دەشڵێت، لە ئێستادا عێراق هیچ جێگرەوەیەكی نییە بۆ قەرەبووكردنەوەی غازی ئێران، كەسیش نازانێت چۆن لە هاویندا خواستی زۆر لەسەر غاز پڕدەكاتەوە!.
ڕوونیشی كردەوە، نابێت بەشداریی هەندێك لایەنی عێراقی لە بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران لەبیر بكەین، بەپێی بەڵگە و ڕاپۆرتەكان كە نزیكەی مانگێك لەمەوبەر نووسیومە، عێراق دەخاتە لێواری سزای نزیك بەسەر قەوارەكان و سنوورداركردنی ڕاستەوخۆی جوڵەی دۆلار.
ئەو شارەزا ئابوورییە پێیوایە، ئەوەی ترەمپ كردی چاوەڕوانكراو بوو و چەندین جار هۆشداری زۆر دەركرا بۆ ئاگاداركردنەوەی سیستەمی سیاسی عێراق، بەڵام وا دیارە زۆری گرنگی پێنەدرا، هەرچەندە هاوڵاتی متمانەی زۆر بەو كارانە نییە، كە سیستەمی سیاسی ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەمە نایپارێزێت لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵە و دەرئەنجامە ئازاربەخشەكانی ئەم سیستەمە دژ بە بەرژەوەندی هاوڵاتییەكانی.
لە كۆتایدا وتی: ئەمەش پێویستی بەوەیە هاوڵاتی دەستپێشخەری بكات بۆ ڕێكخستن و گونجاندنی دۆخی ژیان و دارایی و كارەكەی لەگەڵ پێداویستی قۆناغێك، كە ڕەنگە سەخت بێت، ئەمەش وای لێدەكات لەو ئاسوودەییەی ئێستا تێیدایە دەربچێت و هەوڵبدات بۆ پاراستنی مافەكانی خۆی و كەسانی دەوروبەری.