حكومه‌تى عێراق بانگهێشتى ئه‌حمه‌د شه‌رع ده‌كات بۆ به‌غداد
  2025-02-06       227       

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، "حكومه‌تى عێراق بانگهێشتى ئه‌حمه‌د شه‌رع ده‌كات بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردنى له‌لوتكه‌ى داهاتوى عه‌ره‌بى".

ئاوێنە: عامر فەیاز ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سوریا بانگهێشتی لوتکەی داهاتوی عەرەبی لەبەغدا دەکرێت، کە بڕیارە کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق وتویه‌تى، "بەرپرسانی عێراق بەنیاز نەبون شەرع بانگهێشتبکەن، بەڵام دوای کرانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕویدا، ناچارن بانگهێشتی بکەن‌و وەک سەرۆکی نوێی سوریا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن".

وتوشیه‌تى، "پێشتر حکومەتی عێراق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراقی ناردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە، هەربۆیە لەلوتکەی عەرەبی ئامادە دەبێت".

به‌وته‌ى عامر فه‌یاز، "عێراق بەشێوەی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ سوریا لەژێر سەرکردایەتی شەرعدا تەنها لەڕێگەی دۆسیەی ئەمنی کردوە، بەڵام لەڕوی دیپلۆماسیەوە تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی نەبوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×