دوای سێ کاتژمێر گفتوگۆ، کۆبونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێڕاق لەسەر پرسی موچە کۆتاییهات و وەزیری دارایی هەرێمیش ڕایگەیاند، سبەی بگەین بە ئەنجام بۆ یەک شەمە موچە دەنێردرێت.
ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا وتی لەگەڵ بەرپرسان "باسمان لە کێشەکانی خشتەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان کردووە. کۆبوونەوەکە لە کەشێکی زۆر ئەرێنی بەڕێوەچوو. ئومێدەوارین سبەی تەواو ببێت و بۆ یەکشەممە پارە بنێردرێت؛ و مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت."
بڕیار وابوو، کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا، لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ئەندامانی هەردوو شاندەکە، شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ هوتێل بەغدا گۆڕدرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لەسەر یەکلاییکردنەوەی سێ پرس بووە.
1- کۆی ئەو بڕە پارەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ 12 مانگی ساڵی 2025 پێویستیەتی بۆ مووچەی فەرمانبەران.
2- جیاکردنەوەی لیستی خانەنشینی ئەو فەرمانبەرانەی ئەمساڵ لە تەمەنی 60 ساڵی خانەنشین دەبن، وەرگرتنی پاداشتی 12مانگی خانەنشینی.
3- ئامادەکردنی تەرازوی پێداچوونەوەی مووچە مانگی 12 ساڵی ڕابردووە.