بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بەبۆنەی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان پیرۆزبایی لە جوتیارانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەكات و جەختیشدەكاتەوە لەسەر هەمو پشتیوانییەکی وەزارەتەكەیان لە پێناو گەڕاندنەوەی مافی جوتیارانی ڕەسەنی کورد لە هەر ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا .
ئاوێنە: بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا وتی"بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و موڵکی جوتیارانی ڕەسەنی دانیشتوی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنوری ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەم سەرکەوتنە پیرۆز دەکەین لە جوتیارانی خۆشتەویستی خاوەن ماف."
وەزیری كشتوكاڵ هەرێم وتوشیەتی"سوپاس و دەستخۆشی پێ پایانیانمان هەیە بۆ هەمو ئەو لایەنانەی کە لەماوەی رابردو پەرۆشی پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە و گەڕاندنەوەی مافی جوتیاران بون کە ماوەی چەندین ساڵە بەناحەق مافەکانیان زەوتکرابو، بەتایبەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و چالاکوانان و کەمپەینەکانی پشتیوانی جوتیاران."
وتوشیەتی"بەو بۆنەیەوە جەختدەکەینەوە بۆ هەمو کارئاسانی و پشتیوانیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە پێناو گەراندنەوەی مافی جوتیارانی ڕەسەنی کورد لە هەر ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا."