کۆڵبەر نیوز بڵاوی کردەوە، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەقز لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بریندار کرا، دەشڵێن، بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرە لە کاتێکدا بووە هیچ بارێکی هەڵنەگرتووە.
ئاوێنە: کۆڵبەر نیوز سەبارەت بە برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد لە لایەن هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی سارۆ وەیسی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی شاری سەقز لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتێکدا ئەو کۆڵبەرە کوردە هیچ بارێکی هەڵنەگرتبوو لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرا و بەو هۆیەوە قاچی بە سەختی بریندار بوو.
دەشڵێن، سارۆ وەیسی بە مەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی شاری بانە گوازرایەوە.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ئامارەکانی کۆڵبەر نیوز لە ساڵی ڕابردوودا ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران و بریندار بوون.