ئاکار لە ڕوانگەی ئاندرێ کۆنت سپۆنڤیڵ-ـەوە
  2025-01-18       188       

یوسف سحێردە

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

لە ڕوانگەی ئاندرێ کۆنت سپۆنڤیڵەوە، ئاکار پرسێکی دەرەکی نییە، واتە بە شێوەیەک کە بتوانرێت بە هێزی یاسا و پۆلیس و زیندان بسەپێنرێت، سوکرات لە بەندیخانە مرد، بەڵام کاتێک کە لە دادوەرەکانی زۆر ئازادتر بوو، بەڵکو ئاکار بە پلەی یەکەم بەندە بە هەڵبژاردنەکانی خۆمانەوە، پەیوەندی بە ترس لە سزا یاخود چاولەدوویی پاداشت یاخود سوپاسێکەوە نییە چ سەرزەمینی بێت یاخود ئاسمانی. پاشان سپۆنڤیڵ تاقیکردنەوەیەک پێشنیاز دەکات هەموو یەکێک لە ئێمە دەتوانین بیکەین، تاقیکردنەوەکەش ئەوەیە هەر یەکێک لە ئێمە وا بهێنێتە پێش چاوی خۆی ئەنگوستیلەیەکی هەیە وای لێ دەکات لەبەر چاو ون ببێت، با لەپاش ئەوە بزانێت ئاخۆ وەک خۆی هەر بە کەسێکی بە ڕەوشت دەمێنێتەوە و ڕەچاوی مافەکانی خەڵکی تر دەکات و دڵسۆزی و خۆشەویستییەکەی بۆیان دەمێنێت، یان هێزی شاردنەوە و لەبەرچاوونبوونەکە لەپێناو کردنی هەموو ئەو کارانەدا بەکاردەهێنێت کە پێشتر ڕێگای بە خۆی نەدەدا بیانکات و بەم پێیە، دەست دەکات بە ناپاکی و دزیکردن و کوشتن ...

سپۆنڤیڵ لە ڕێگای ئەو تاقیکردنەوەیەوە بە پێی خاوس و بە ڕووت و قووتی ڕووبەڕووی خۆمانمان دەکاتەوە؛ ئایا ئەو کارەی ئێمە لە ژیانی ئاساییدا دەیکەین، دەتوانرێت لە چوارچێوەی ئاکاردا پۆلێن بکرێت یان لە چوارچێوەی خۆپارێزیدا، لە بازنەی چاکەکاریدا یان لە بازنەی ترسدا؟ ئایا ئەوە تەنها دووڕوویی و ڕیاکارییە و هیچی تر؟

بەو واتایە، ئاکار پەیوەندیی ئێمەیە لەگەڵ ئەوانی دیکە لە ڕێگای خۆمانەوە؛ چونکە ئەوە ئێمەین دەسەڵاتی بڕیاردانمان هەیە، تەنها ئێمە خۆمان، هەروەها ئەوە ئێمەین دەتوانین هەر کارێک نەکەین کە ئابڕووبەرە و، بە هەر شتێکەوە پابەند بین کە ئەرکە، وەک جۆرێک لە گونجان لەگەڵ بۆچوونێکی دیاریکراو بۆ مرۆڤایەتیدا. جیاوازیی نێوان ئاکار و بانگەشەکردن بۆ ئاکار لێرەدایە: ئاکار ئەوەیە کاتێک تۆ خۆت چاونەترس بیت، بەڵام کاتێک داوا لە خەڵک دەکەیت ئازا بن، تۆ بانگەشە بۆ ئاکار دەکەیت؛ ئاکار تەنها لە ڕشتەی جێناوی قسەکەردا گونجاوە.

بەڵام ئایا تاکانەیی ئاکار واتای ئەوە دەگەیەنێت کە بە ئەندازەی ژمارەی کەسەکان ئاکار هەیە؟ نەخێر، هەرگیز. دژبەریی ئاشکرای ئاکاریش لێرەدایە؛ چونکە تەنها لە ڕشتەی جێناوی قسەکەردا گونجاوە بەڵام بە شێوەیەکی گەردوونی. واتە سەبارەت بە هەموو مرۆڤێک. ڕاستە بەگوێرەی چەشنی پەروەردە و ناوەند و ئەو سەردەمەی تیایدا دەژین ئاکار جیاوازە و دەگۆڕێت .. بەڵام ئاکارێکی گونجاو بۆ هەمووان هەیە و تایبەت نییە بە ئەم یاخود بە ئەو جڤاک، یان بە ئەم یاخود ئەو قۆناغی مێژووەوە؛ ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە ئێمە کاری ڕەگەزپەرستانە یاخود توندوتیژ و دڵڕەقانە یاخود کاری کوشتن ناکەین، لەبەر ئەوەی بابەتەکە پەیوەندی بە بڕێک هەڵبژاردنی تایبەت و کەسی یاخود هەندێک مەیل و خواستی تایبەتییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ژیان و شکۆی مرۆڤ و تێکڕای جڤاکەوە هەیە.

بەم ئاراستەیە لە لێکدانەوەدا، سپۆنڤیڵ دەگاتە ڕشتە کانتییەکە بۆ فەرمانی بێ چەند و چوون کە کانت لە کتێبی "بناغەکانی میتافیزیکی ئاکار"دا بەم چەشنە گوزارشتی لێ کردووە: "بە شێوازێک ڕەفتار بکە بەڵگەنەویستی ویستت هەمیشە ڕاست بێت و لە هەمان کاتدا ببێت بە بنەما بۆ یاسایەکی گشتی". بە دەربڕینێکی دیکە، ئەو شتەی بۆ خۆت ناتەوێت و پێت خۆش نییە، بۆ کەسی تری بێجگە لە خۆتت نەوێت و پێت خۆش نەبێت. ئەگەر دیمەنی خۆڵ و پاشەڕۆفڕێدان لە ڕێگاوبانەکان بێزار و توڕەت دەکات، تۆ خۆت خۆڵ و پاشەڕۆ لە ڕێگاوبانەکان فڕێ مەدە. ئەمە ئەو شتەیە کە ڕۆسۆ بەم جۆرە گوزارشتی لێ دەکات: "دەتەوێت خەڵک بەرانبەرت چۆن بن، بەرانبەریان بەو جۆرە بە". ئەمەش لەگەڵ پێناسەکەی ئالن بۆ ئاکاردا کۆک دێتەوە کە دەڵێت: "تەنها بەڵام بە شێوەیەکی گەردوونی".

لەگەڵ ئەو پێناسە کانتییەدا دەچینە ناو نوێگەرییەوە، یاخود بە شێوەیەکی وردتر و دروستتر، دەچینە ناو عەلمانییەتەوە، کە بە هۆی پێناسە قووڵەکەیەوە ئاکاری لە ئایین جیاکردەوە، یاخود پەیوەندییەکی نوێی لەم چەشنەی لە نێوانیاندا دامەزراند: ئاکار پاکانە بۆ بوونی ئایین دەکات، ئایین پاکانە بۆ بوونی ئاکار ناکات. لەبەر ئەوەی من ئابڕوومەندانە و بە شێوەیەکی ڕاست ڕەفتار دەکەم، دەمەوێ خودایەک هەبێت تاکو لە ڕێگای هەڵچنینی هیوا لەسەر ڕزگاربوون لەدەست بێهیوایی ڕزگارم ببێت. لەبەر ئەوەی ئاکار دەستەبەری شادی نییە. ئەمەش بابەتێکی دیکەیە!

پێشتر گوتمان ئاکار وا دەخوازێت بەو چەشنە ڕەفتار بکەین کە بۆچوونمان سەبارەت بە خۆمان و سەبارەت بە مرۆڤایەتی و سەبارەت بەو واتایە دەیسەپێنێت کە ئێمە بە ژیانی هاوبەشی دەبەخشین ... بەڵام چۆن چۆنی ئێمە لەڕێگای بەڵگەوە ڕەوایەتیی ئاکار بسەلمێنین؟ بابەتەکە، لە ڕوانگەی سپۆنڤیڵدا، نە پێویستە و نە لە تواناشدا هەیە. منداڵێک کە خەریکە لە ئاوێکدا دەخنکێت، ئایا پێویستمان بە بیانوویەک هەیە تا لە خنکان ڕزگاری بکەین؟ لێرەدا تەنها بوێریی بەسە، تەنها ئازایەتی بەسە! لەبەر ئەوەی خودی بەڵگە و بیانوو خۆی پێویستی بە ئاکارە. بۆ کەسێک کە بیر ناکاتەوە، چۆنی بسەلمێنین کە ڕاستی چاکترە لە درۆ؟ کەسێک کە تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە، چۆن بەوە قایل بکەین کە خۆنەویستی باشترە لە خۆپەرستی؟

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×