سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، بەم نزیكانە وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات. دەشڵێت، لە هیچ گفتوگۆیەکى نێوان پارتى و یەکێتیدا باس لە دابەشکردنى پۆستەکان نەکراوە.
ئاوێنە: سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی "پارتى و یەکێتى دەیانەوێت چارەسەری خاڵە ناکۆکەکانیان بکەن دواتر باسی پۆستەکان بکەن".
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هیچ گفتوگۆیەکى نێوان پارتى و یەکێتیدا باس لە دابەشکردنى پۆستەکان نەکراوە."
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی رەتیكردەوە یەکێتی داوای کۆبونەوەی لە لاهور شێخ جەنگی كردبێت.
لەبارەی كێشەكان نێوان بەغداو هەرێمیش وتی "گرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق سیاسی و تەکنیکین، بەمەبەستی چارەسەرکردنیان چەند جارێک وەفدی نێوان هەردولا سەردانی یەکترییان کردوە، و بڕیارە بەم نزیکانە وەفدێکی دیکەی هەرێم سەردانی بەغدا بکات".
وتیشی، "گفتوگۆکانی نێوان هەردولا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لە ئاستێکی باشدان، بەڵام گازندە و دەستێوەردانی سیاسی هەر هەیە، بەهیواین لە ئەمساڵدا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان جددیتر بن."