بە فەرمانی فەرماندەی بارەگای بەرگری ئاسمانی وڵاتهكه، ئێران قۆناغی یەکەمی مەشقی هاوبەشی بەرگری ئاسمانی بە ناوی "ئێقتەدار" لە دەوروبەری ناوەندی ئەتۆمی نەتەنز دەستیپێکرد.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئهمڕۆ سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویكردهوه، لەو قۆناغەدا یەکینەکانی بەرگری هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران بەرگرییەکی هەمەلایەنە لە پێگەی ئەتۆمی ئەحمەدی ڕۆشان ئەنجام دەدەن.
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئهو مهشقه هاوبهشه لە ژینگەیەکی پڕ لە هەڕەشەی ئاڵۆزی ئاسمانی و بارودۆخی سەختی شەڕی ئەلیکترۆنی، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێک ئهنجامدهدرێت.
عەمید عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژی سپای پاسداران ڕایگهیاند، "قۆناغەکانی ئامادەکاری سەرەتایی بۆ مانۆڕەکانی بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران، لە نزیک شوێنی ئەتۆمی نەتەنز لە ئێستادا لەلایەن بارەگای بەرگری ئاسمانی بەڕێوەدەبرێت، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا بەشە سەرەکییەکانی ئەم مانۆڕانە ئەنجام بدرێن".
پێشتر عەباس عێراقچی، وهزیری دهرهوهی ئێران باسی لهوهكردبو، "ئێران توانای تەکنیکی هەیە بچێتە قۆناغی بەدەستهێنانی چەککردنی ئەتۆمی، بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی گەرەنتی نێودەوڵەتی هەوڵدەدات ئامانجەکانی لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە بەدەستبهێنێت".
ئهو مانۆڕهی ئێران لەکاتێکدایه كه دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە گەڕانەوەی کۆشکی سپی نزیک دەبێتەوە، پرسیارەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر دانوستانەکان دەوروژێنرێن.
موجتەبا فردوسی پوری، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە بۆ کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگهیاندوه، "ئێران درک بەوە دەکات کە ڕێبازی ئیدارەی ترەمپ تەواو جیاوازە لە ئیدارەی بایدن بۆیە دەبێت ستراتیژییەکەی نەرم و نیان بێت بۆ ئەوەی دوربکەوێتەوە لە هەرجۆرە پەرەسەندنێکی سەربازی کە ڕەنگە لەلایەن ئیسرائیل یان ئەمریکاوە سەرکردایەتی بکرێت".
ئهوهشی خستهڕو، "هەڕەشەی کردەوەی سەربازی یان سەپاندنی سزای زیادە تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئێران ئامادەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوە، بەڵام چارەسەری دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت".