پەرلەمانتارێكی یەكێتی: تانە لە بڕیاری پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانەكان بە كەرتی تایبەت دەدەین
  2024-12-26       426       

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكان بە كەرتی تایبەت لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە، سەرپێچی راشكاوی دەستوری عێراقەو ئەگەر بەڵگەنامەكان پشتڕاستی ئەو بڕیارە بكەنەوە، ئەوا تانە لە بڕیارەكە دەدەن.

ئاوێنە: كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە حکومی و گشتییەکان بە کۆمپانیان و کەرتی تایبەت سەرپێچی راشکاوی دەستوری عێراقە و گرێبەستەکەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیاکە، پشتی بەهیچ ماددەو بڕگەیەکی یاسایی نەبەستوەو بۆ ماوەی دە ساڵ تاقیگەکانیان داوە بە کەرتی تایبەت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای وەرگرتنی رونکردنەوەی پێویست و بەڵگەنامەکان بیسەلمێنن تاقیگەی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییە حکومی و گشتییەکان دراون بە کۆمپانیا و نرخی پشکنینەکان لەسەر هاوڵاتی زیاد دەکرێن، پاڵپشت بە مادەی (61/دوەم) و مادەی (31/یەکەم) ئەوە بەهۆکاری سەرپێچی دەستور تانە لەبڕیارەکە دەدەین و بۆ ئەم مەبەستە راوێژکاری یاساییمان راسپاردوە ئامادەکارییەکان تەواوبکات."

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وتوشیەتی"جگە لەسەرپێچییە دەستوری و یاساییەکان، ئەم کارە لەڕوی ئاکاری و ئینسانییەوە، تەواو زیادەڕەوییە، حکومەتی هەرێم کە ناتوانێ موچە بدات و خەڵک لە وەزعێکی خراپدایە کەچی دێت لەجیاتی پێشخستنی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییە حکومییەکان و سوککردنی باری گرانی سەرشانی خەڵک، بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکان هێندەی تر وەزعی خەڵک خراپتر دەکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×