هەسەدە رایگەیاند، رێكخراوی داعش هێرشەكانی توركیای بۆ سەر ناوچەكانمان قۆستونەتەوەو شەوی رابردو چەكدارانی رێكخراوەكە لە سنوری دێرەزۆر سێ هێرشیان كردونەتە سەر هێزەكانمان و هێزە ئەمنییەكانی دیكەو لە ئاكامدا دو شەڕڤان شەهیدبون.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لەسایەی ئەو پشێویەی لە سوریا هەیەو هەروەها لەسایەی هێرشەكانی سوپای توركیاو میلیشیاكانی بۆ سەر ناوچەكانمان، داعش هەوڵدەدات ئەو دۆخە بقۆزێتەوەو خۆی رێكبخاتەوەو هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات لە ناوچەكانمان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، شەوی رابردو، شانەكانی رێكخراوی داعش لە شارۆچكەیەكی سنوری دێرەزۆر هێرشیان كردۆتەوە سەر ئۆتۆمبێلی هێزەكانی رێكخستنی سەربازی و لە ئەنجامدا شەڕڤانێك شەهیدبوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هاوكات رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە شارۆچكەیەكی دیكەی دێرەزۆر، هێرشی كردۆتە سەر ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانمان و لە ئاكامدا شەڕڤانێكمان شەهیدبوە.
ئەوەشی وتوە، شانەیەكی دیكەی داعش لە شارۆچكەیەكی دیكەی سنوری دێرەزۆر بە ئاڕ بی جی هێرشی كردۆتە سەر وێستگەی ئاوی شارۆچكەكەو زیانی بە وێستگەكە گەیاندوە بەڵام زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەوە رون بۆتەوە هەر كاتێك توركیاو میلیشیاكان هێرش دەكەنە سەر ناوچەكانمان، مەترسی داعش زیاتر دەبێت.