ئا: عەمار عەزیز
ساڵانە کۆمەڵێک گەنج لەچەند بوارێکی جیادا داھێنانئ نوی لەپسپۆریەکەی خۆیاندا دەکەن، بەتایبەت خوێندنکارانی زانکۆ، بەڵام ئەوان گلەیی دەکەن لەوەی هیچ کەسو لایەنێک پاڵپشتیوھاوکارییان ناکات تا پڕۆژەکانیان پەرە پێبدەن.
عەبدوڵا مەحێ، لەگەڵ دوو خوێندکاری تر پارساڵ چاکەتێکی تایبەت بەنابینایان ئامادە کرد، کە ھەرکاتێک نابینایەک ئەو چاکەتە لەبەربکات، ھەست بەدەوروبەری خۆی دەکات، چی لەبەردەمیو دەوروبەریدایە، لەکاتی رۆشتنیدا هەر بەربەستێک دروسبێت یەکسەر بەهۆی چاکەتەکەوە ھەست بەلەرزینیکی سووک دەکەنو دەزانن شتێک لەبەردەمیاندایە .
عەبدوڵلا محێ، کە یەکێکە لەدوو داهێنەری ئەم چاکەتە، بەئاوێنەی وت "ئەو چاکەتە پرۆژەی دەرچوونی ئێمە بوو لەزانکۆی دھۆک، بەخۆشحاڵیەوە پلەی یەکەممان لەسەر ئاستی زانکۆی دھۆک بەشی ئەندازیاری کارەباو کۆمپیوتەرمان بەدەستھێنا، ھەندێک سێنسەر "حاسە"مان لەسەر ملی راستو چەپ دانابوو، لەگەڵ چەند دوگمەیەک، نابینا لەرێگای ئەو سێنسەرانە ئاگادار دەکرێنەوە کەوا شتێک لەپێشیانەو ئاگادار دەبنەوە ".
وتیشی "لەدوو پێشانگادا بەشداریمان کرد، زۆر کەس بەقسە وتیان پشتگیریو ھاوکاریتان دەکەین لەرووی پارەو کەرەستەکانیەوە، بەڵام تەنیا قسە بوو، نەبوونە کردار، لەھەمانکاتدا ئێمەش ناچاربووین دوای دەرچوونی زانکۆ لەئیش بگەرێین تا بتوانین داھاتێک بۆخۆمان دابین بکەین، پڕۆژەکەمان سەرینەگرتو پەرەی پێنەدرا".
ئیمان مەھدی
ئیمان مەھدی، خوێندکاری زانستی کیمیایە لەزانکۆی دھۆک، ئەو لەقوناغی چوارەمدایەو هەڵساوە بەدروستکردنی سابۆنی سروشتی بەپێنج جۆر، ماوەی دوو ساڵە لەبازاڕدا بەرھەمەکانی خۆی دەفرۆشێت، بەڵام خواستی ئەوەیە پڕۆژەکەی فراوانتر بکات، ئەو بەئاوێنەی وت "پێنج جۆری سابونی سروشتی دروست دەکەم، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی پێستو دەموچاو، وەکو زیپکەو جۆرەھا نەخۆشی تر، ھاوکات جورێکی تازە لەشامپۆی قژو کرێمو زەیت، لەگەڵ سیرۆمو میکیاجی سرۆشتی، ماوەی دوو ساڵە بەرھەمەکانی خۆم لەناو بازاڕ دەفرۆشم".
وتیشی "بەداخەوە تا ئێستا ئەو بڕوایە دروست نەبووە کە کچێک یان کوڕێک لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا بتوانێت داھێنانێک یان پڕۆژەیەکی تازە بەرھەم بهێنێت، بەپێچەوانەوە گەنجی زۆر شارەزاو خاوەن بیرۆکەی نایابمان ھەیە، بەڵام وەکو پێویست هاوکاری نەکراون، لەکاتێکدا پێویستە لایەنی حکومیو کەرتی تایبەت گرنگی بەو کەسانە بدەن، چونکە دواجار سوودی بۆ خۆیو کۆمەڵگا بەگشتی دەبێت".
بەقسەی بەڕێوەبەری ژووی بازرگانیو پیشەسازی دھۆک، کەسانی داھێنەرو خاوەن پڕۆژە لەدھۆک زۆرنو ئەوان بەھەموو شێوەیەک ھاوکارو پاڵپشتیان دەکەن تا پڕۆژەکانیان سەربگرێتو پەرەی پێبدرێت.
شوکری جەمیل، بەرێوەبەری ژووی بازرگانیو پیشەسازی دھۆک بەئاوێنەی وت "یەکێک لەو شتانەی کە ئێمە زۆر گرنگی پێدەدەین پاڵپشتی ئەو کەسانەیە داھێنانی نوێ دەکەن یاخود پڕۆژەیان ھەیە، ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ زانکۆو پەیمانگاکانی دھۆک کردووە بەحکومیو ئەھلییەوە، لەنمایشکردنی پڕۆژەکانیان بەشدار دەبینو داواشیان لێدەکەین بۆ فراوانکردنی پرۆژەکانیان یان داھێنانەکانیان خۆیان سەردانمان بکەن تا لەگەڵ لایەنی جێبەجێکارو رێکخراوەکان قسەبکەینو ھاوکارییان بکرێت".
وتیشی " ئێستا پرۆژەیەکی کشتوکاڵمان ھەیە بەھاوکاری رێکخراوێک، پاڵپشتیوھاوکاری خوێندنکارانی کۆلیژی چاندن دەکەین، ئەوانەی دەرچووی ٢٠١٨ن تا ئێستا، جگە لەمەش دەرگای ئێمە کراوەیە بۆ ھەر گەنجێک، ئەوەی لەسەر شانمانە پێیبڵێن پڕۆژەکەت پێشکەش بەفڵانە وەزارەتو بەڕێوەبەرایەتی بکەو رێگای نیشانبدەین چۆن لەسەر داھێنانەکەی خۆی کار بکات".
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی کار لەدھۆک ئاماژە بەوە دەکەن کە بەدوای کار بۆ ئەو گەنجانەدا دەگەڕێت داھێنان دەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن ھۆکاری کەمی پاڵپشتییان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە داراییەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت.
عەبدولکەریم حەماد، بەڕێوەبەری کار لەدھۆک بەئاوێنەی وت "حکومەت بەرنامەو پلانی ھەیە بۆ پشتگیری گەنجانو ھاوکاریکردنی ئەوانەی داھێنان دەکەن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ھەموومان دەزانین ئەو قەیرانە داراییەی ھەرێمی تێکەوتووەو کاریگەری لەسەر زۆر سێکتەر کردووە، سەڕەرای ئەمەش بەردەوام لەگەڵ رێکخراوەکان لەسەر خەتە تا بتوانن پێکەوە ھاوکاری گەنجان بکرێت".
وتیشی "پێشتر حکومەتی ھەرێم قەرزی بچووک دەدا بەوانەی پڕۆژەی بچوکیان هەبوو، وەک پاڵپشتیەک بۆ گەنجانو خاوەن پڕۆژەکان، لەپلانی حکومەتدایە ئەو پڕۆژەیە جارێکیتر بگەڕێنێتەوە، چونکە ئەو قەرزە سوودێکی زۆر بەگەنجان دەگەیەنێت، ھەروەھا داوا لەکەرتی تایبەتیش دەکەین زیاتر پاڵپشتی گەنجان بکەن، بەتایبەت ئەوانەی داھێنانیان کردوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.