لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی بڕیاری قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان رونكردنەوە دەدات و جەخت دەكاتەوە كە بڕیارەكە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت و ھیچ گۆڕانگاری و پاشگەزبونەوەیەکی تێدا نییە.
ئاوێنە: لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا هەواڵی كەناڵێكی راگەیاندن بە درۆ دەخاتەوە كە گوایە دوای سەری ساڵ و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بەرامبەر بە بڕی ملیۆن و نیوێک تۆمار دەکرێن.
وتوشیەتی"ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی سلێمانی سەرلەبەری ئەم هەواڵە ڕەت دەکەینەوە و بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین کە ئەم ھەواڵە دورە لە راستییەوەو بەلای ئێمەوە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵە لەو کەناڵە کە ھیچ گرنگ نییە ناوھێنانی، مەرام و مەبەستێکی سیاسی و چەواشەکاری ئێجگار ئاست نزم و داماڵراو لە پرەنسیپی کاری ڕاگەیاندن لەخۆ دەگرێت."
جەختیشی كردۆتەوە "بڕیاری قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە ڕۆژی دەرچونییەوە تاکو ئەم ساتە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و ھیچ گۆڕانگاری و پاشگەزبونەوەیەکی تیا نییە و نەکراوەو ئامانجی سەرەکی لێی گەڕانەوەی شکۆی یاساو پاراستنی ئەمنییەتی ھاوڵاتیان و چەسپاندن و بەرقەراربونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئۆقرەیی ڕەوشی ھاتوچۆیە لە سەر شەقامەکان."
دەقی رونكردنەوەكە:
رونکردنەوەێک لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن و ڕای گشتی
لەیەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن ھەواڵێکی ناڕاست و چەواشەکاری بڵاوکراوەتەوە دەربارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و تیایدا ھاتوە کە دوای سەری ساڵ و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بەرامبەر بە بڕی ملیۆن و نیوێک تۆمار دەکرێن، ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی سلێمانی سەرلەبەری ئەم هەواڵە ڕەت دەکەینەوە و بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین کە ئەم ھەواڵە دورە لە راستییەوەو بەلای ئێمەوە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵە لەو کەناڵە کە ھیچ گرنگ نییە ناوھێنانی، مەرام و مەبەستێکی سیاسی و چەواشەکاری ئێجگار ئاست نزم و داماڵراو لە پرەنسیپی کاری ڕاگەیاندن لەخۆ دەگرێت، ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ ھەر بڕیارێک دەربکات ئەوا لەپەڕەی فەرمی وەزارەت و بەئاشکرا دەیخاتەڕو نەک پەنا بەرێت بۆ کەناڵێکی بەناو ڕاگەیاندنی لەو جۆرە .
ھەر کەناڵێکی راگەیاندن پەنا بەرێت بۆ ھەواڵی درۆ و ساختە و چەواشەکاری بێگومان ھۆکاری سەرەکی بۆ مایەپوچبونی سیاسی و ئیعلامی و جەماوەری دەگەڕێتەوە.
ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بۆ ھەمو لایەکی رادەگەیەنین کە بڕیاری قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە ڕۆژی دەرچونییەوە تاکو ئەم ساتە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و ھیچ گۆڕانگاری و پاشگەزبونەوەیەکی تیا نییە و نەکراوەو ئامانجی سەرەکی لێی گەڕانەوەی شکۆی یاساو پاراستنی ئەمنییەتی ھاوڵاتیان و چەسپاندن و بەرقەراربونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئۆقرەیی ڕەوشی ھاتوچۆیە لە سەر شەقامەکان.