کاردینال لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانەکان لەعیراق: کریستیانەکان نیگەرانن لەباڵادەستیو ھەڵکشانی ئیسلامیەکان لەسوریا
ئا: عەمار عەزیز
کریستیانو ئێزیدیەکانی هەرێمی کوردستان، لەهەڵکشانی ئیسلامیەکانو هاتنەسەرکاریان لەسوریا نیگەرانن، بەتایبەتی ئەو گروپانەی رابرووییەکی پڕ لەتوندوتیژیی لەدوای خۆیانەوە بەجێدەهێڵن، بەڕێوەبەری موزەخانەی ناحیەی ئەلقوش دەڵێت "کریستیانو ئێزیدیەکان ناحەقیان نییە بەرامبەر بەگۆڕانکارییەکانی ئێستای سوریا بترسنو لەدڵەراوکێدا بژین، چونکە ھەر داعش بوو چەند ساڵێک لەمەوبەر بەناوی ئایینی ئیسلامەوە، کوشتاری لێکردنو ناوچەکانی کریستیاننشینو ئێزیدی نشینی وێرانو دانیشتوانەکەی ئاوارە کرد".
فاخر خەڵەف، خزمەتکاری ئایینی ئێزیدییە، ئەو لەسەنتەری شنگال دادەنیشێتو باس لەوە دەکات کە ھەموو پێکھاتەکان، بەئێزیدیو کریستیانو شەبەکو کاکەییو خەڵکی تریشەوە، وەک ئەوان ترسیان لەگروپەکانی توندەڕەوو ئەوان هەیە کە لەژێرپەردەی ئایینی ئیسلامدا دەسەڵات دەگرنردەست، وەک چۆن لە٢٠١٤دا چەکدارانی داعش بەناوی خەلافەتی ئیسلامەوە ھێرشیان کردە سەر شنگال، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەوی بەرمبەر بەئێمە روویدا، ئەوەندە بەڕەشی لەمێشماندا چەسپیوە بەرامبەر بەگروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، کە سڕینەوەی مەحاڵە، چی نەما بەرمەبر بەئێمە نەیکەن؟! کۆشتار، رفاندن، دەستدرێژی، بەکەنیزەک کردن، ماڵ وێرانیی، چۆن لەبیرمان دەچێتەوە، تا ئێستاش خەڵکی ئێمە لەئاوارەییدا دەژینو برینەکانمان ساڕێژ نابن".
وتیشی "ئێمە لەشێوازی بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەت لەعێراقیش ترسمان ھەیە، ھەروەھا ئایدولۆژیاو بیرکردنەوەی ئەو کەسانەی حوکم لەوڵاتدا دەکەن، کە ھەمیشە ئێزدییەکانیان پەراوێز خستووە، ناوچەکانیان وەکو پێویست بەراورد بەناوچەکانی تر ئاوەدان نەکراونەتەوە، پرسی ئیدارەی قەزاو کێشە کارگێرییەکان تا ئێستا چارەسەر نەکراون، ئەمانە ھەموو جێگای نیگەرانییە لای تاکی ئێزدی".
ژمارەی ئێزدییەکان لەعێراق بە٥٥٠ ھەزار کەس مەزەندەکراوە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵاتو ئەوانەی ماونەتەوە، بەشێکیان ماوەی ١٠ ساڵە ئاوارەن، زۆرینەی ئێزیدییەکانیش لەقەزاکانی شێخانو شنگال نیشتەجێن .
چەکدارانی داعش لەئابی ٢٠١٤دا دەستیانگرت بەسەر قەزای شنگالدا، شەش ھەزارو ٤١٧ ھاوڵاتی ئێزدییان رفاند، تا ئێستا سێ ھەزارو ٥٨٤ کەسیان رزگارکراون، نزیکەی دوو ھەزارو ٥٠٠ رفێنراو تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، جگە لەکوشتنی سەدان کەسی ترو تەقاندنەوەی مەزارگە ئایینەکانو خاپورکردنی شارەکە .
فاخر خەڵەف وتی "تاکە شت کە ھیوامان پێدەبەخشێتو جێگای سەربەرزیو مایەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە، ئەو ھێزانەن کە ئێستا لەشنگال ئامادەنو لەھەر کاتوساتێکدا بەھەموو شێوەیەک بەرگری لەخاکو خەڵکی ئێزیدی بکەن، لەھەمانکاتیشدا ئەو روحیەتەو گیانفیداکارییەیە لەخەڵکی خۆماندا دەبینین، کە بەھیچ شێوەیەک خاکو ئیرادەی خۆیان رادەستی ھیچ ھێزو لایەنێک ناکەن".
ھەموو کاتێک پێکھاتەکان ھەست بەدڵەڕاوکێ دەکەن
کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا، هەروەها کریستیانەکان لەهەرێمو لەعێراق بەگشتی بەوردی چاودێری دۆخی سوریا دەکەن، ھەمیشە ترسیان لە گروپە توندەڕەوەکان ھەیە، کریستیانەکان کە چەندینجار رووبەڕووی کوشتنو ئاوارەبوون بوونەتەوە، ئێستا لەهەڵکشانو باڵادەستی گروپە ئیسلامییەکان لەسوریا نیگەراننو بیر لەبەجێهێشتنی وڵاتو کۆچکردن بۆ دەرەوی وڵات دەکەن.
جۆزێف شەماس، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ناحیەی ئەلقوش بەئاوێنەی وت "ماوەیەکە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ئارامیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ھەر کەسەو بەکارو کاسبی خۆیەوە سەرقاڵە، ھێزە ئەمنیەکان بەردەوام چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەن، ئەوەی بەمدواییە لەسوریا رویدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر خەڵک نەکردووە، کە بترسێت، بەڵام ھەموو کاتێک پێکھاتەکان ھەست بەدڵەڕاوکێ دەکەن بەرامبەر بەر گۆڕانکارییو رووداوێک، چونکە لەرابوردوو رووبەرووی دەیان ھێرش بوونەتەوەو بەردەوام هەوڵی بەتاڵکردنەوەی ئەم ناوچەیە لەکریستیانو پێکهاتەکان دراوەو تا ئێستاش ئیشی لەسەر دەکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە کە کاردینال لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانەکان لەعیراق سەبارەت بەگۆڕانکارییەکانی ئێستای سوریا رایگەیاندووە کە "کریستیانەکان نیگەرانن لەباڵادەستیو ھەڵکشانی ئیسلامیەکان لەسوریا".
جۆزێف شەماس، پێیوایە کریستیانەکانو ئێزیدیەکانو پێکهاتەکانی تر ناحەقیان نین بترسن یاخود لەدڵەراوکێدا بژین، چونکە ھەر دوێنێ داعش بوو بەناوی ئایینی ئیسلامەوە کەنیسەکانو ناوچەکانی کریستیاننشینو ئێزیدینشینی خاپورو وێران کرد، ئەمە جگە لەئاوارەبوونی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان کە تا ئێستاش بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیانو بەشێکی زۆر لە دوای روداوەکانی ٢٠١٤و ھاتنی داعش کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات".
جۆزێف باسی لەھۆکاری دووەمی ترسو دڵەراوکێی کریستیانەکان کردو وتی "ناوچەکانی کریستیان نشین لەعێراق زیاتر دەکەونە سنوری ماددەی ١٤٠، کە بەردەوام ئەو ناوچانە دەکرێنە ئامانجی گروپەکان، ھەروەھا کریستیانەکان بەگشتی لەعێراق دەسەڵاتێکی بەھێزیان نیە کە حسابێکی گەورەیان بۆ بکرێت تا خەڵکەکەی ببپارێزن، وەکو ئێزیدیو شەبەکو کاکەییو پێکھاتەکانی تر کەمینەن، پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق بیانپارێزێت لەھەر روداوێکی نەخوازراو بۆ سەر ناوچەکانی کریستیان نشین".
ترسو دڵەڕاوکێی پێکھاتەکان لەکاتێکدایە کە دوای رووداوەکانی سوریا ھێزێکی گەورەی سوپای عێراق بەچەکی قورسەوە جوڵەی پێکرا، ئەو ھێزانە زیاتر بەناو قەزای شنگالدا تێپەڕینو لەسەر سنوری عێراقو سوریا جێگیرکران، ھاوکات ھێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال "یەبەشە" لەسەرەتای رووداوەکانی سوریا ھێزەکانیان لەسنوری شنگال بڵاوەیان پێکراوەو لەئامادەباشیدان .
نایف شەمۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکرات لەشنگال بەئاوێنەی وت "خەڵکی ئێمە لەسەرەتای رووداوەکانی سوریا ترسیان لەوە ھەبوو ئەو ئاگرە عێراقیش بگرێتەوەو دواتر شنگال بکرێتە ئامانج، بەڵام وادەرنەچوو، لەھەمانکاتیشدا بۆ دڵنیابوونی زیاتر تەواوی ھێزەکانی سوپای عیراق لەشنگال، ھەر لەسوپاو پۆلیسو حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەکانی بەرخودانی شنگالیش، ٢٤ کاتژمێر لە ئامادەباشیدان بۆ ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو ".
نایف شەمۆ دانیشتوانی قەزای شنگال دڵنیا دەکاتەوە کە ئەوان لەھەرکاتو ساتێکدا ئامادەن بەرگری لەخاکو خەڵکی شنگال بکەن، ئەو وتی "جارێکی تر رێگا بەھیچ ھێزو لایەنێک نادەین ھێرش بکاتە سەر شنگالو خەڵکەکەی، بەھەموو توانایەکی خۆمان بەرگری لەخاکی شنگال دەکەین، با خەڵکی ئێمە دڵنیا بێت کە گیانو سەروەتو ماڵیان ھەمیشە پارێزراو دەبێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.