2024-12-22   230     
سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، "فڕۆکەیەکی F-A18ی هێزی دەریایی ئەمریکا لەئاسمانی دەریای سور لەڕوداوێکدا خراوەتە خوارەوە".
ئاوێنە: بهگوێرهى هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، هەردوو فڕۆکەوانەکەی ڕزگارکراون، بەڵام یەکێکیان برینێکی سوکی پێگەیشتوە.
لەبەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندیدا هاتوە؛ کەشتییە جەنگییەکەی یو ئێس ئێس گێتیسبێرگ، بەشێکە لەگروپی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس هاری ئێس ترومان، بەهەڵە تەقەی لەفڕۆکەیەکیF/A18 کردوە، کە لەکەشتی فڕۆکەهەڵگری هاری ئێس ترومانەوە دەفڕی.
هێزەکانی ئەمریکا لەکاتی ڕوداوەکەدا هێرشی ئاسمانییان بۆسەر حوسییەکانی یەمەن کردبوو و بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش وردەکاریی زیاتری سەبارەت بەسروشتی ئەرکەکە نەخستەڕوو.
بەگوێرەی ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بڵاویکردوەتەوە، سوپای ئەمریکا هێرشیکردوەتەسەر حوسییەکان لەسەنعا، لەوانەش شوێنی هەڵگرتنی موشەکو دامەزراوەی فەرماندەییو کۆنترۆڵکردن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکۆم، لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی ئەمریکا چەندان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری حوسییان لەئاسمانی دەریای سوردا خستوەتەخوارەوە، جگە لەموشەکێکی دژە کەشتی جۆری کروز.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "مەبەست لەم لێدانانە لاوازکردنی ئۆپەراسیۆنەکانو لەناوبردنی حوسییەکان بوە، لەنێویاندا ئەو هێرشانەی بۆسەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکاو کەشتییە بازرگانییەکان کە دەیکەن ئەم لێدانانە ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی پابەندبونی فەرماندەیی ناوەندییە بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمریکیو هاوبەشەکانی هاوپەیمانان، جگە لەهاوبەشە ناوچەییەکانو پاراستنی کەشتیوانی نێودەوڵەتی".