وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، خەڵكی كۆبانێ جارێكی دیكە لەترسی هێرشی سەربازی لە دڵەڕاوكێدان و داوا لە توركیا دەكات رۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت لەپێناو سەقامگیری لە سوریا.
ئاوێنە: ئەنالینا بێربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ هەینی، لە كاتی بەڕێككەتنی بۆ توركیا، داوای لە ئەنقەرە كرد رۆڵی ئەرێنی بگێڕێت بۆ پشتیوانیكردنی سەقامگیری لە سوریاو جەختیشی كردەوە كە داهاتوی سوریا دەوەستێتە سەر پاراستنی كەمینەكان و هێوركردنەوەی دۆخەكە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بە سەلامەتی.
ئەنالینا بێربۆك وتیشی"نابێت سوریا ببێتە ئامڕازێك بە دەست هێزە بیانییەكانەوە یاخود ببێتە تاقیگەیەك بۆ تاقیكردنەوەی هێزە توندڕەوەكان."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا تیشكی خستە سەر نیگەرانییەكانی كورد لە شاری كۆبانێ بەهۆی هەڕەشەی توركیا و گروپە چەكدارەكانی بۆ هێرشكردنە سەر شارەكە و وتی، دانیشتوانی كۆبانێ جارێكی دیكە لە دڵەڕاوكێدا دەژین و وتیشی"ئاشتی لە سوریا هێشتا دورە و ئایندە لەسەر پەتێكی باریكە."
بێربۆك بڕیارە لە سەردانەكەیدا بۆ ئەنفەرە لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێك لەنێویاندا دۆخی كوردانی سوریا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ستایشی رۆڵی كوردانی سوریای كردو هۆشداریشی دا كە ئاڵۆزی زیاتر ئازارو مەینەتییەكانی هاوڵاتیانی مەدەنی زیاتر دەكات.